عەلی زەیدی: هەر خێزانێکی عێراقی پارچە زەوییەکی بەبێ بەرامبەر پێدەدرێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق پڕۆژەیەکی نوێ بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر هەموو ئەو خێزانانەدا ڕادەگەیەنێت کە خاوەنی زەوی نین، ئەوەش لە ڕێگەی مۆدێلێکی هاوبەش لە نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەتدا.
دابەشکردنی زەوی بەبێ بەرامبەر
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە هیچ عێراقییەک نەمێنێت خاوەن زەوی نەبێت. زەیدی جەختی کردەوە کە هەر خێزانێکی عێراقی خاوەنی زەوی نەبێت، پارچە زەوییەکی بەبێ بەرامبەر پێدەدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش شێوازێکی نوێ بۆ پڕۆسەی دابەشکردنەکە پەیڕەو دەکرێت کە جیاواز بێت لە مۆدێلە کۆنەکان.
هاوبەشی لەگەڵ بازرگانان و کەرتی تایبەت
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە مۆدێلێکی تازە کرد کە تێیدا پشتیوانی پیاوانی کار و بازرگانان دەکرێت بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە. بەپێی پلانەکە، پڕۆسەی دابینکردنی زەوییەکان دابەشدەکرێت بەسەر بازرگانەکاندا؛ بۆ نموونە بازرگانێک بەرپرسیارێتی 10,000 پارچە زەوی دەگرێتە ئەستۆ و یەکێکی دیکە 5,000 پارچە، ئەوەی لە توانای کەرتی تایبەتیشدا نەمێنێت، دەوڵەت لە ئەستۆی دەگرێت تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لە گەنجینەی گشتی پارەی بۆ دابین بکرێت.
خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیا نەوتییەکان
عەلی زەیدی ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی لەبری وەرگرتنی پارە، "سوودی کۆمەڵایەتییان" لێ وەربگیرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو زەوییانە. سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە زەوییەکان تەنیا دوای دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دابەشدەکرێن، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن سوودی ڕاستەقینەی لێ ببینن و نیشتەجێ ببن.
03/06/2026