وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماری ڕۆژانی جەژن بڵاودەکاتەوە: 10 هەزار قوربانی و 8 تۆن گۆشتی نەشیاو
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماری قوربانیی ڕۆژانی جەژن و کار چالاکییەکانی ساڵی 2025ی سەربڕخانەکانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر بڕی ئەو گۆشت و ئاژەڵانەی بەهۆی نەشیاویی تەندروستییەوە ڕەتکراونەتەوە.
ئاماری قوربانی لە ڕۆژانی جەژندا
د. فەرەیدوون حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان 33 سەربڕخانە بوونیان هەیە. لە ڕۆژانی جەژندا زیاتر لە 10 هەزار سەر ئاژەڵ لەو سەربڕخانانە سەربڕدراون کە دابەشبوون بەسەر:
7,748 سەر ئاژەڵی بچووک.
2,810 سەر ئاژەڵی گەورە.
بڕی گۆشت و ئەندامە ڕەتکراوەکان
بەپێی ئامارەکان، لە ڕۆژانی جەژندا بڕی زیاتر لە 8 تۆن گۆشت لە سەربڕخانەکان بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی ڕەتکراونەتەوە. هەروەها پێش پرۆسەی سەربڕین، 40 ئاژەڵی بچووک و 7 ئاژەڵی گەورە ڕەتکراونەتەوە. لە ڕووی ئەندامە ناوخۆییەکانیشەوە، 290 جگەر و 366 سی بە نەشیاو بۆ خواردن ناسێنراون و لەناو براون.
ئاماری گشتیی سەربڕخانەکان لە ساڵی 2025
بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ ئاماری ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆی گشتی ئاژەڵە سەربڕدراوەکان گەیشتووەتە:
517,249 سەر ئاژەڵی بچووک.
113,676 سەر ئاژەڵی گەورە.
1,288 سەر ئاژەڵ بەهۆی نەخۆشی یان مەرجی تەندروستییەوە ڕەتکراونەتەوە.
03/06/2026