یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا
بۆ یەکەمجار لەمساڵدا، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆک سەرهەڵدەدات و تەندروستی ناوچەکەش ڕێکاری پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتەکە دەگرێتەبەر.
تەندروستیی تووشبووەکە و ناسنامەی
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند، تووشبووەکە پیاوێکی دانیشتووی شارەدێی سنوونێیە لە قەزای شنگال. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە حاڵەتەکە سەرەتا لە سنوونێ دەستنیشانکراوە و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک کراوە. لە ئێستادا تووشبووەکە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە و چاوەڕوان دەکرێت چارەسەری تەواو وەربگرێت.
هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە هەرێم
د. فەرەیدون حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە ساڵی 2023ـەوە پلانێکی تۆکمەیان بۆ بەرەنگاربوونەوە دەستپێکردووە. ئەم پلانە شۆردنەوەی ئاژەڵان بە دەرمانی تایبەت لە وەرزەکانی هاوین و پایزدا لەخۆدەگرێت بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
ئامارەکانی خۆپارێزی و چارەسەر
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکاندا 30,000 خاوەن ئاژەڵ سوودمەندبوون و تیمەکان سەردانی 5,700 گوندیان کردووە. لەو ماوەیەدا 61,500 شوێن و هۆڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ تەعقیم کراون، هەروەها 5,500,000 ئاژەڵ بە دەرمانی تایبەت شۆردراونەتەوە و 880,000 ئاژەڵی دیکەش دەرمانی چارەسەرییان پێدراوە.
دۆخی نەخۆشییەکە لە شارەکانی دیکە
تاوەکو ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون تۆمار نەکراوە، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی نەبێت کە کەسێکی خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی شارى کردبوو. هاوکات لە کەرکووکیش تەنیا یەک حاڵەت تۆمارکراوە کە ژنێکی ئاژەڵدار بووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر دۆخی تەندروستیی باش بووە.
03/06/2026