لەگەڵ چەقبەستوویی لە دانوستانەکاندا گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران لە هەڵکشاندان
هاوکات لەگەڵ چەقبەستوویی دانوستانەکانی واشنتن و تاران، گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران ڕوویان لە هەڵکشان کردووە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیان بۆ سەر کوێت و بەحرەین پووچەڵ کردووەتەوە. ئەم ململانێیە کاریگەریی قورسی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی و بارودۆخی مرۆیی ناوچەکە دروست کردووە.
گەیشتنی پریشکی ململانێکان بۆ کەنداو
ئەمڕۆ جارێکی دیکە پریشکی ململانێ و جەنگی ئەمریکا - ئێران گەیشتە وڵاتانی کەنداو؛ تاران ژمارەیەک هێرشی نوێی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو ئەنجامدا، لەکاتێکدا دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران پێشکەوتنێکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە.
ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم و پووچەڵکردنەوەی هێرشەکان
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، دوو مووشەکی ئێران کە بەرەو کوێت هاوێژرابوون، یان نەگەیشتوونەتە ئامانبەکانیان یان لە ئاسماندا تێکشکێنرابوون، لە کاتێکدا چەندین مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی ئامانجەکانی ناوچەکە کراون شکستیان هێناوە و 3 مووشەکیش کە بەرەو بەحرەین دەچوون تێکشکێنراون. سێنتکۆم ڕایگەیاند، هەموو هێرشەکان شکستیان هێناوە و ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی "دەستدرێژیی بێ بنەمای ئێران".
کاریگەریی گرژییەکان لەسەر نرخی نەوت
ئەم گرژییە نوێیە کە نرخی نەوتی زیاتر لە سەدا 1 بەرزکردەوە، دوای زیاتر لە 3 مانگ دێت لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئێستا شەڕەکە لەژێر ئاگربەستێکی ناجێگیردا خاوبووەتەوە و گەرووی هورمز بە داخراوی ماوەتەوە.
ڕێککەوتنی سەرەتایی و لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا
ئێران و ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کاتی بۆ ڕاگرتنی جەنگ، بەڵام هەردوولا هێشتا ڕێککەوتنەکەیان واژۆ نەکردووە. میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران بۆ چەند ڕۆژێکە پەیوەندیی بە واشنتنەوە نەکردووه، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "دانوستانەکان نەوەستاون و بەردەوامین لە گفتوگۆکانمان".
پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران
لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە، ترەمپ چەندین جار ڕایگەیاندووە نزیکە لە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و ڕێگە بە دانوستانکاران بدات چارەسەری پرسە هەستیارەکان بکەن، لەوانەش داهاتووی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە ڕاگرتنی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کاری لەپێشینەیەتی، هەرچەندە ئێران بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە کە خەریکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت و دەڵێت بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.
ئامانجەکانی تاران لە دانوستانەکاندا
لە لایەکی دیکەوە ئامانجی تاران لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن، دەستڕاگەیشتنە بە ملیاران دۆلار لە داهاتی نەوت، لێخۆشبوونە لە هەناردەکردنی نەوتی خاو، هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکایە لەسەر بەندەرەکانی و بەردەوامبوونە لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە پێش جەنگەکە 1 لەسەر 5ـی هاتوچۆی نەوت و گازی سروشتیی شلی جیهان بەو گەرووەدا تێپەڕیوە.
مەرجی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان
ئەمریکا ئامادەیە نەرمی بنوێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران؛ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا ڕازی دەبێت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئەگەر ئێران ڕازی بێت واز لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بهێنێت.
زیانە مرۆیی و ئابوورییەکانی جەنگ
جەنگەکە کە لە 28ـی شوبات دەستی پێکرد، بووەتە هۆی کوشتنی هەزاران کەس، بەتایبەتی لە ئێران و لوبنان، هەروەها بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە ئابووریی جیهان لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە.
قووڵبوونەوەی دەستێوەردانی ئیسرائیل لە لوبنان
جەنگەکە بووەتە هۆی دەستپێکردنی خولێکی نوێی ململانێ لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان، کە تێیدا ئیسرائیل قووڵترین دەستێوەردانی خۆی بۆ ناو لوبنان لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا دەستپێکردووە. هەرچەندە ترەمپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی حیزبوڵای قایل کردووە شەڕ ڕابگرن، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر باشووری لوبنان.
پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان
کاریگەرییەکانی جەنگەکە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە؛ ڕێکخراوی یونیسێف ئاشکرایکرد، بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، بوونەتە ڕێگر لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، لوبنان، کۆنگۆ، مالی، سۆماڵ، باشووری سودان، نایجیریا و شوێنەکانی دیکە، کە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە هاوکاریکردن هەیە.
03/06/2026