بازرگانانی ئێران دەیانەوێت برنج و شەکر لە هەرێمی کوردستانەوە بکڕن
بەهۆى لێکەوتەکانى جەنگەوە، بازرگانان و فرۆشیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی بردنی برنج و شەکر لە هەرێمی کوردستانەوە دەدەن بەڵام وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕێگەنادەن خۆراک هەناردەی دەرەوە بکرێت.
ئاگربەستی دوو مانگەی ئێران و ئەمریکا
نزیکەی دوومانگە ئاگربەست لە ئێران و ئەمریکا ڕاگەیێنراوە بەڵام لەناوخۆی ئێراندا نرخی زۆربەی شمەک و کاڵاکان بەرزبووەتەوە و بە ئاسانیش دەست ناکەون.
ڕێگەنادەین خۆراک هەناردەى دەرەوە بکرێت
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردنکارانی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "ئێستا بازرگانان و فرۆشیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی بردنی برنج و شەکر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران دەدەن بەڵام وەزارەتی بازرگانی هەرێم بەفەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە هیچ جۆرێکی خۆراک نەبرێت بۆ دەرەوەی هەرێمى کوردستان ".
ڕێگریکردن لە گرانفرۆشی
گوتیشی، "ئەو ڕێکارەی وەزارەتی بازرگانی بۆ ئەوەیە تووشی کەمبوونەوەى ئەو بەرهەمانە نەبین و پێویستیی ناوخۆ پڕبکرێتەوە و گرانفرۆشی ڕوونەدات."
بڕی هاوردەی ساڵانە شەش ملیار دۆلارە
مستەفا عەبدولڕەحمان ئاماژەى بەوەشکرد، "ئەو شمەکانەی لە ماوەى ڕابردوودا لەو وڵاتەوە هاوردەمانکردووە بەشێکى ماوە و ئێستاش پاش کردنەوەى مامەڵە بازرگانییەکان، دیسان بازرگانان دەستیان بە هاوردەکردن کردووەتەوە. ئاشکراشی کرد، ساڵانە بە بڕی شەش ملیار دۆلار کاڵا و شمەک هاوردەدەکەین و هیچ مەترسییەک بۆهاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نییە".
قەدەغەی هەناردەی سەبەتەی خۆراک
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ 8ـی پشتڕاست کردەوە، نە بازرگانانی هەرێمی کوردستان نە هیچ بازرگانێکی دەرەکی مافی هەناردەی سەبەتەی خۆراکی نییە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
ڕێگریکردن لە دروستنەبوونی هەڵاساوان
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا بۆ ئەو بابەتە بازرگانانی ئێران زۆر داوایان لی کردووین بەڵام بۆ دروستنەبوونی هەڵاوسان و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری، ڕێگە نادەین لە هەرێمی کوردستانەوە شمەکی خۆراکی ببرێتە دەرەوە".
03/06/2026