عەتا محەممەد: کۆڕبەندی دێڵفی بۆ زەمینەخۆشکردنی وەبەرهێنانە
بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، کۆڕبەندی دێڵفی کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی بەڕێوەبچێت بە مەبەستی زەمینەخۆشکردنە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و تەواوی کەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەکان لە سلێمانی کۆدەکەنەوە.
لە ڕۆژانی 6 و7ـی حوزەیران لە کارگەی کلتوری سلێمانی بەڕێوەدەچێت
کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە ڕۆژانى 6 و7ـى حوزەیرانى 2026 لە هۆڵى فاوەندیشن لە کارگەى کلتووریی سلێمانى بەڕێوەدەچێت و کەناڵ8 سپۆنسەریی میدیایی کۆڕبەندەکە دەکات.
هەر سێ سەرۆکایەتییەکە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن
عەتا محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "وا بڕیارە هەریەکە لە نزار ئامێدی سەرۆککۆمار، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق ئامادەی کۆڕبەندەکە بن".
دیارترین ئامادەبوانی کۆڕبەندەکە
گوتیشی، "بەهۆی گرنگیی کۆڕبەندەکەوە بەشێکی زۆری وەزیر و پەرلەمانتار و سەرۆک حیزبەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن، جگە لە سەرۆکی دێڵفی و دەیان مامۆستای زانکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسییەکانی تورکیا و یۆنان و وڵاتانی عەرەبی".
کاریگەریی سەرکەوتنی یەکەم کۆڕبەندی دێڵفی
عەتا محەممەد دەڵێت، "یەکەم کۆڕبەندی دێڵفی کە لە سلێمانی ئەنجامدرا سەرکەوتوو بوو، لە دوای ئەوە چەندین شاندی بازرگانی و وەبەرهێنەرانی وڵاتانی تورکیا، کوەیت، قەتەڕ، ئیمارات و سعودییە هاتونەتە سلێمانی و پلانیان بۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر داڕشتووە".
ئاماژە بەوەش دەکات،" ئامانجی دێڵفی خستنەڕووی دەرفەتە سیاسی و ئابوورییەکان و پیشاندانی زەمینەی لەباری ئاسایش و ئارامی سلێمانی و هەرێمی کوردستانە بۆ میوانان و وەبەرهێنەران لە هەموو سێکتەرەکان".
03/06/2026