فایەق زێدان داوا لە گرووپەکانى دیکەش دەکات چەک دابنێن

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق، سوپاسى ئەو گرووپانە دەکات کە بەدەنگ بانگەوازى مەرجەعییەتەوە هاتوون بۆ چەکدادان، داواش لە گرووپەکانى دیکە دەکات هەمان هەنگاو بنێن.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی پێشوازی لە هێشتنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە دەکات

کاردانەوە و پێشوازییەکان لە بڕیارى ڕەوتى نیشتمانیی شیعە، عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتیبەکانى ئیمام عەلى بۆ بەدەنگەوەچوونى بانگەوازى مەرجەعییەت و جێبەجێکردنى یاسا بە هێشتنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت بەردەوامن. لەو چوارچێوەیەدا فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لە ڕاگەیێنراوێکدا پێشوازى لە بڕیارى هەر سێ گرووپەکە کردووە، بۆ بەدەنگەوەچوونى بانگەوازى مەرجەعییەت، جێبەجێکردنى یاسا و دەستوور لەگەڵ بڕیارى چوارچێوەى هەماهەنگى.

داواشی لە گرووپەکانی دیکە کرد چاو لە براکانیان بکەن

سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، داواشى لە گرووپەکانى دیکە کردووە هاوشێوەى "براکانیان" ڕەزامەندى پیشانبدەن، لە پێناو بەدیهێنانى ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی.

تاوەکو ئێستا گرووپەکانى عەسائیبى ئەهلى حەق، بەدر، ڕەوتى نیشتمانیی شیعە، کەتیبەکانى ئیمام عەلى، بڕیاریانداوە پەیوەستبوونیان بە باڵە سەربازییەکان و حەشدى شەعبى ڕاگەیاندووە، بەڵام گرووپەکانى نوجەبا و حیزبوڵا و سەرایا ئەولیاء دەم و ئەسحابولکەهف ڕەتیانکردووەتەوە چەک دابنێن.