هێڵی ئاسمانی "ئەی جێت" گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە
هێڵێکی دیکەی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی دەستپێدەکاتەوە و جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاریی فراوانتر لەنێوان سلێمانى و ئیستانبوڵ دروستدەبێت.
گەشتەکانى ئیستانبوڵ-سلێمانی-ئیستانبوڵ دەستپێدەکەنەوە
پەیوەندییەگشتییەکان و ڕاگەیـاندنى فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بەگوێرەى ئەو خشتەیەی لەلایەن هێڵی ئاسمانیی ئەی جێتەوە نێردراوە، گەشتەکانى ئیستانبوڵ-سلێمانی-ئیستانبوڵ دەستپێدەکەنەوە.
هەفتانە چوار گەشت دەبێت
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە بڕیارە ڕۆژى 17ـى حوزەیرانى 2026، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانییەوە هەفتانە بە چوار گەشت لەنێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-ئیستانبوڵ کۆمپانیای ئەی جێت گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێبکاتەوە.
یەکەمین گەشت دوای دوو ساڵ و حەوت مانگ
ڕۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2025، دوای دوو ساڵ و حەوت مانگ لە گەمارۆی ئاسمانی، یەکەمین فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێرلاین) لە سلێمانی نیشتەوە.
ئێستا تورکیش ئەیەرلاین هەفتانە چوار گەشت دەکات
لە یەکەم گەشتی تورکیش ئەیەرلایندا، 105 سەرنشین هاتنە سلێمانی و 123 گەشتیاریش بەرەو ئیستانبوڵ بەڕێکەوتن، کە ئێستا ئەو هێڵەش هاوشێوەی "ئەی جێت" هەفتانە چوار گەشت ئەنجام دەدات.
گەمارۆی ئاسمانی تورکیا لە نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکرد
گەمارۆی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر سلێمانی لە نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکرد، کەبەهۆیەوە %35ـی کۆی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیرابوون و ئەوەش زیانى بە ئابووریی فڕۆکەخانەکە گەیاندبوو بە بڕی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار.
بەهۆی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، پێشبینی دەکرێت کەرتی گەشتیاری و بازرگانی بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت.
03/06/2026