وەزارەتى تەندروستى قاوەى چوکلێتى قەدەغە کرد
قاوەى چوکلێتى، ئەو جۆرە قاوەیەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنیبوو، بانگەشەى ئەوەدەکرا بۆ لاوازیى جەستە و کێش دابەزاندن بەکاردێت، وەزارەتى تەندروستى بە نووسراوێک قەدەغەى کرد و دەڵێت، ماددەیەکى تێکراوە هۆکارە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانى دڵ.
بوونی مادەی قەدەغەکراو لە قاوەی چوکلێتیدا
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، دوای پشتڕاستکردنەوەی بوونی ماددەی قەدەغەکراو لە قاوەی چوکلێتیدا، بە نووسراوێکی فەرمی قەدەغەیان کردووە کە ئەو جۆرە قاوەیە نابێت لەمەولا کڕین و فرۆشى پێوەبکرێت.
ئەو مادەیەی بۆی زیادکراوە دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، نووسراوێکی فەرمیی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەگشتییەکانى تەندروستى کردووە و ڕایگەیاندووە، پشکنین بۆ قاوەى چوکلێتى کراوە، بەڵام دەرکەوتووە کە ماددەیەکى کیمیایی بەناوى سیبوتاراماین بۆ زیادکراوە و ئەم ماددەیەش دەبێتەهۆى توشبوون بە بەرزەپەستانى خوێن و نەخۆشییەکانى دڵ، بۆیە قەدەغەیان کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی بۆ کراوە
وەزارەتى تەندروستى دەشڵێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ ئەم جۆرە قاوەیە دەکرێت و بۆ لاوازیى جەستە بەکاردەهێندرێت.
خواردنەوەی ئەو قاوەیە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە بۆ کێشە دابەزاندن
وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەدات، خواردنەوەی ئەو قاوەیە بۆ کێش دابەزاندن، هیچ بنەمایەکى زانستیى نییە و بە ڕێکارى فەرمى نەهاتووەتە هەرێمى کوردستان.
داواشدەکات هەر پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ ئەو قاوەیە بکات، دابخرێن و فرۆشیارانیشى بدرێنە دادگا.
03/06/2026