لیژنەى هێشتنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەستى بەکارەکانى کرد

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق
سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق

ئەو لیژنەیەى بە فەرمانى عەلى زەیدى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق بۆ هێشتنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت پێکهێنرا، دەستى بەکارەکانى کرد کە نوێنەرى چەند وەزارەتێک و حەشدى شەعبى تێدایە.

بە دەنگەوەچوونی بانگەوازەی مەرجەعیەتی باڵا

سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان،  لیژنەکە بە بڕیارێکى تەواو عێراقى پێکهێنراوە، بۆ وەڵامدانەوە و بەدەنگەوەچوونى بانگەوازى مەرجەعییەتى باڵا، جگەلەوەش بەشێکە لە کارنامەى وزارى و سیاسەتی حکومەت بۆ هێشتنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت و یەکخستنى گوتارى ئەمنى.

دانانی میکانیزم بۆ ڕادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان

ڕوونیشیکردەوە، لیژنەکە میکانیزم دادەنێت بۆ تێکەڵکردن و پەیوەندی گرووپە دیاریکراوەکان، ڕادەستکردنى چەک و تەقەمەنی و سەربازگەکان بۆ لایەنى ئەمنیی عێراقى.

لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئاماری تەواو دەدرێتە لیژنەی ناوەندی

بەگوتەى سەباح نوعمان، هەموو چەک و تەقەمەنییەکان ڕادەستى لیژنەى ناوەندى و لایەنە ئەمنییەکانى عێراق دەکرێت، لەماوەى دوو ڕۆژدا ئامارى تەواو دەدرێتە لیژنەى ناوەندى کە لەژێر چاودێری و بەدواداچوونى ڕاستەوخۆى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە.

لایەنەکانی ناو لیژنەی ناوەندی

گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکراشیکرد، لیژنەى ناوەندی چەند لایەنێکى تێدایە، لەوانە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ، فەرماندەیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکان و دەستەى حەشدى شەعبى، جگەلەوەش میکانیزم دادەنێت بۆ تەواوکردنى پرۆسەکە لەماوەیەکى پێوانەیدا و کاتێکى زۆر ناخایەنێت.

جەختیشیکردەوە، دەستەواژەى پچڕاندنى پەیوەندى، چوارچێوە کارگێڕییەکان و دووبارە پەیکەربەندى گرووپەکان لەناو دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت و تێکەڵکردنى چەکدارەکانیان لەگەڵ پێکهاتە سەربازییەکان گرەنتیی دەکرێت.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا