وردەکاری ڕێککەوتنی گرووپە چەکدارەکان و بەغداد؛ چەک ڕادەست دەکرێت و پۆست وەردەگیرێت
دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان ئاشکرا دەبێت، کە تیایدا پڕۆسەی داماڵینی چەک بە مەرجی وەرگرتنی پۆست و جێکردنەوەی سەرکردە سەربازییەکان لە ناو دەسەڵاتدا بەستراوەتەوە.
مەرجی گرووپەکان بۆ ڕادەستکردنی چەک
بەرنامەی کاری کابینەکەی زەیدی کە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت چڕ بووەتەوە، ڕووبەڕووی مەرجی توندی گرووپە چەکدارەکان بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم گرووپانە مەرجی سەرەکییان بۆ دانانی چەک، پاراستنی سەرجەم ئەندام و سەرکردە سەربازییەکانیانە، لەگەڵ جێکردنەوەیان لەناو یەکە سەربازییە فەرمییەکان و زامنکردنی بەشدارییەکی کاریگەر لە ناوەندەکانی بڕیاردانی حکومەتی ئێستای عێراقدا.
قۆناغەکانی داماڵینی چەکی قورس
لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە هیچ لایەنێک بۆی نییە بەشداریی حکومەت بکات بەبێ پابەندبوون بە پلانی داماڵینی چەک. هەنگاوەکان بە سەرژمێریکردن و تۆمارکردنی چەکە قورسەکان دەستپێدەکات و دواتر قۆناغی یەکەمی ڕادەستکردنی چەکەکان جێبەجێ دەکرێت. هاوکات بڕیار دراوە پەیوەندیی لیواکانی حەشدی شەعبی بە گرووپە چەکدارەکانەوە بپچڕێنرێت و پێکهاتە سەربازییە نافەرمییەکان بە تەواوی هەڵوەشێنرێنەوە.
گۆڕانکاری لە ناوی لیواکان و پۆستە سەربازییەکان
بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە گۆڕینی ناوی ئەو لیوایانەی کە ناوی گرووپە چەکدارەکانیان هەڵگرتووە بۆ ناوێکی سەربازیی فەرمی. لە بەرامبەردا، حکومەت پابەند دەبێت بە پێدانەوەی بەرپرسیارێتییە سەربازییەکان بە ئەندامانی ئەو گرووپانە لەناو پێکهاتەی هێزە فەرمییەکان و حەشدی شەعبی، بە جۆرێک کە ڕێگری لە قۆرخکاریی پۆستەکان بکرێت و نەوەیەکی نوێ لە سەرکردە سەربازییەکان دەربکەون.
یاسای خانەنشینی و پابەندیی حەشدی شەعبی
لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، یاسایەکی تایبەت بە خانەنشینیی هێزەکانی حەشدی شەعبی پەسەند دەکرێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەبێت حەشدی شەعبی بە تەواوی ملکەچی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بێت و هەموو جۆرە دروشم، وێنە و هێمایەکی تایبەت بە گرووپە چەکدارەکان لە ناوەندە سەربازی و گشتییەکاندا قەدەغە دەکرێت، تەنیا دروشم و وێنە فەرمییەکان ڕێگەپێدراو دەبن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا