هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، کاتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دیاریکرا و نوێنەرەکەیان داوا دەکات کێشەی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان بۆ مانگەکانی داهاتوو بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

کاتی دابەشکردن و داواکارییەکان

عەلی ڕەئوف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 5 (ئایار)ـی مامۆستایانی گرێبەست دابەش بکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە داوایان کردووە کێشەی دواکەوتنی مووچەکانیان بە تەواوی چارەسەر بکرێت و بۆ مانگەکانی داهاتوو هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکە لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان پێبدرێت.

هۆکاری دواکەوتنی مووچەکان

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق پێش جەژنی قوربان تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بەڵام بەهۆی دابیننەکردنی پارەی پێویست لە داهاتی ناوخۆ، نەتوانرا مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت.

بڕیارەکە و ژمارەی سوودمەندان

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئابی 2024 بڕیاری دا مامۆستایانی وانەبێژ بکاتە گرێبەست و لە 26ـی ئەیلوولی 2024 وەزیری پەروەردە واژۆی لەسەر بەگرێبەستکردنی 37,933 مامۆستا کرد. ئەم بڕیارە لە 1ـی ئەیلوولی 2024ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ناوی ئەو مامۆستایانە خراوەتە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە.

خەرجی و بڕی مووچەکان

بەپێی سیستەمی نوێ، ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە مانگانە 400,000 دینار و ئەوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە 500,000 دینار وەردەگرن. کۆی خەرجیی مانگانەی مووچەی ئەم مامۆستایانە دەگاتە 18 ملیار دینار.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا