د.دالیا تاریق: ئەنجامدانی پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی گرفتی تەندروستی نییە!
سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
د.دالیا تاریق، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری، چەند ڕێنماییەک سەبارەت بە گرنگیی ئەنجامدانی پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.
بۆچی بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی کۆم پێویستە پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن بکرێت؟

زۆرجار چارەخواز وا هەست دەکات کە بوونی نیشانەکانی وەک:
- خوێنبەربوونی کۆم
- ئازار
- تێکچوونی شێوازی چوونە توالێت
تەنیا پەیوەندیی بە بوونی گرفتە تەندروستییە باوەکانی وەک: مایەسیری یان گرفتەکانی دیکەی کۆمەوە هەیە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن بۆ هەموو حاڵەتێکی لەوشێوەیە بە پێویست دەزانرێت بەهۆی ئەم خاڵانەوە:
- خوێنبەربوونی کۆم نیشانەیەکی هاوبەشە لە نێوان نەخۆشیەکانی کۆم و شێرپەنجەی کۆڵۆن، تەنیا ئەنجامدانی پشکنینی دەرەکیی کۆم گرفتەکە دەستنیشان ناکات و پێویستە پشکنینی ناوبینیی کۆم بکرێت بۆ جیاکردنەوەی سەرچاوەی بوونی خوێنەکە
- بوونی یەکێک لە نەخۆشیەکانی کۆم مانای ئەوە ناگەیەنێت کەسەکە تەنیا گرفتی لە کۆمیدا هەبێت و کۆڵۆنی چارەخوازەکە هیچ گرفتێکی نەبێت!، زۆرجار چارەخواز گرفتی مایەسیری هەیە، بەڵام لە بەشە بەرزەکانی کۆڵۆنیدا گرفتێکی دیکەی هەیە کە تەنیا بە ئەنجامدانی پشکنینی ناوبینی دەبینرێت

- ئەنجامدانی پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن تەنیا بۆ دەستنیشانکردنی گرفتی تەندروستی نییە، بەڵکو ئەنجامدانی پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن ئامرازێکی چارەسەریشە، لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکەدا هەر گەشەیەکی نائاسایی خانەکانی کۆڵۆنی کەسەکە هەبێت دەبینرێن و دەستبەجێ لادەبرێن پێش ئەوەی لە داهاتوودا ئەو خانە نائاساییانە بگۆڕێن بۆ گرێی شێرپەنجەیی
سەروەر سالار
2 کاتژمێر پێش ئێستا