فڕۆکەخانەی سلێمانی: هێڵی ئاسمانیی ئەی جێت گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکەمان دەستپێدەکاتەوە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەی جێتی تورکیا
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەی جێتی تورکیا

گەمارۆ ئاسمانییەکانی سەر سلێمانی بەرەو کۆتاییەکی یەکجاری دەچن و هێڵێکی دیکەی تورکی خشتەی گەشتە نوێیەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی ڕادەگەیەنێت.

کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان

پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی ئاشکرای کرد، بەگوێرەی خشتەیەکی فەرمی، هێڵی ئاسمانیی "ئەی جێت" گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێدەکاتەوە. بڕیارە لە ڕۆژی 17ـی حوزەیرانی 2026ـەوە، هەفتانە 4 گەشتی ئاسمانی لە نێوان ئیستانبوڵ و سلێمانی لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە ئەنجام بدرێن.

گەمارۆی ئاسمانی و زیانە داراییەکان

گەمارۆی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکرد و ماوەی 2 ساڵ و 7 مانگی خایاند. ئەم گەمارۆیە بووە هۆی ڕاگرتنی 35%ـی کۆی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە و زیانێکی دارایی بە بڕی زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار بە ئابووریی فڕۆکەخانەی سلێمانی گەیاند.

تورکیش ئێرلاین و جووڵەی گەشتیاران

پێشتر و لە ڕۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2025، یەکەمین فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تورکیش ئێرلاین) لە سلێمانی نیشتەوە و کۆتایی بە قۆناغێکی سەختی گەمارۆکە هێنا. لە یەکەم گەشتدا 105 سەرنشین گەیشتنە سلێمانی و 123 گەشتیاریش بەرەو ئیستانبوڵ بەڕێکەوتن. لە ئێستادا تورکیش ئێرلاین هاوشێوەی ئەی جێت، هەفتانە 4 گەشت بۆ سلێمانی ئەنجام دەدات.

بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاری

بە زیادبوونی ژمارەی هێڵە ئاسمانییەکان و دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی ئەی جێت، پێشبینی دەکرێت کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و جووڵەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی سلێمانی زیاتر بێت.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا