ئایەتوڵا محەممەد ئیسحاق فەیاز، مەرجەعی باڵای شیعە لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، زانای ئایینی و یەکێک لە چوار مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراق
شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، زانای ئایینی و یەکێک لە چوار مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراق

جیهانی ئیسلامی و مەزهەبی شیعە یەکێک لە مەرجەعە باڵاکانیان لەدەستدا و ئایەتوڵا فەیاز دوای تەمەنێک لە خزمەتی زانستی ئایینی، لە تەمەنی 96 ساڵیدا لە بەغداد کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی لە تەمەنی 96 ساڵیدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، زانای ئایینی و یەکێک لە چوار مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراق، لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر باری تەندروستی تێکچوو و بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغداد کرابوو.

لە ئەفغانستانەوە بۆ حەوزەی نەجەف

ئایەتوڵا محەممەد ئیسحاق فەیاز، لە ساڵی 1930 لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای غزنی ناوەڕاستی ئەفغانستان لە دایکبووە. ناوبراو لە خێزانێکی هەژار و سەر بە نەتەوەی "هەزارە" بووە. لە ساڵی 1969 کۆچی کردووە بۆ شاری نەجەف لە عێراق و لەوێ نیشتەجێ بووە بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنە ئایینییەکانی بدات.

پلەی زانستی و مامۆستاکانی

لە ماوەی مانەوەی لە حەوزەی زانستیی نەجەف، شێخ فەیاز لەلایەن گەورە مەرجەعەکانی وەک موحسین تەبتەبائی حەکیم، ئەبوقاسم خوئی و محەممەد عەلی مودەڕیس ئەفغانی وانەی شەرع و زانستە ئایینییەکانی وەرگرتووە. ناوبراو توانی پلەی "ئایەتوڵا" بەدەستبهێنێت و ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو جیهانی شیعە.

بەرهەمەکان و کاریگەری لەسەر موسڵمانان

ئایەتوڵا فەیاز خاوەنی چەندین کتێب و نووسراوی گرنگە لە بوارەکانی فقهی ئیسلامی، زانستی ئایینی و پرسە کۆمەڵایەتییەکان. نووسینگەکەی لە ڕاگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە، کۆچی دوایی ئەم زانایە، زیانێکی گەورەیە بۆ پێگەی ئایینی و زانستی و حەوزە زانستییەکانی جیهان، چونکە یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مەرجەعیەت لە نەجەف.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا