پێرێز لە کەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنی گەڕانەوەی مۆرینیۆ دەدات
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی پێشووی یانەی ڕیاڵ مەدرید، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکەدا،کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەوا جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ڕاهێنەرایەتی تیپەکە دەگەڕێنێتەوە. ئەو بەڵێنەش وەک بەشێک لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکەی بۆ بەدەستهێنانی خولێکی نوێی سەرۆکایەتی یانەکە دێت.
پێرێز، کە لەم هەڵبژاردنەدا ڕووبەڕووی ئێنریکی ڕیکێلمی، بازرگانی بواری وزەی نوێبووەوە دەبێتەوە، ئاشکرای کرد، پلانی ئەوەی هەیە ئەو ڕاهێنەرە پۆرتوگالییە بگەڕێنێتەوە، کە پێشتر لە ساڵی 2012 توانیبووی ڕیاڵ مەدرید بە ژمارەیەکی پێوانەیی لە خاڵەکان بەرەو بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا ببات.
ئەو هەنگاوەی پێرێز دوای وەرزێکی ناوخۆیی پڕ لە نائومێدی و بێنازناوی دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرشەلۆنە پارێزگاری لە نازناوی خولی ئیسپانیا کرد، هەروەها ڕیاڵ مەدرید کە خاوەنی 15 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە، لە دوو وەرزی ڕابردوودا لە قۆناغی هەشتی ئەو پاڵەوانێتییەدا ماڵئاوایی کردووە، ئەمەش وای لە پێرێز کرد بەهۆی نەبوونی نازناوە گەورەکانەوە داوای هەڵبژاردن بکات و دووبارە تیپەکە نوێ بکاتەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا