وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: حاڵەتێکی تووشبوونی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆک تۆمار کرا

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی پارێزگای دهۆک
وێنەی پارێزگای دهۆک

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆک دەستنیشان کرا، پیاوێکی دانیشتووی گوندی دووگرێ لە ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای سنجار لە پارێزگای نەینەوا، کە تەمەنی (47) ساڵە دوای چەندین جار سەردانی نەخۆشخانە، دواتر سەردانی لەپارێزگای دهۆک دەکات و لەلایەن تەندروستیی دهۆکەوە گومانی لێکرا تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بێت، دوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێک چارەخوازەکە بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەستیشان کرا و حاڵەتەکە پشتڕاست کراوەتەوە، تووشبووەکە پیشەی شوانە، بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون هەبووە، تووشبووەکە ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت لەپارێزگای دهۆک و باری تەندروستیی ناجێگیرە.

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات ڕێنماییە خۆپارێزییەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون جێبەجێ بکەن، هاونیشتمانییانی بەرکەوتوو بە بەرهەمەکانی ئاژەڵ یان ئەو هاونیشتمانییانەی ئاژەڵ بەخێو دەکەن لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لەسەر ئاژەڵ تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکرێنەوە.

سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا