وەزارەتی دارایی: چیتر فەرمانبەر تەنیا بە ڕاپۆرتی پزیشکی لاوەکی خانەنشین ناکرێت و مەرجی نوێ دانرا
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێکارەکانی خانەنشینبوونی فەرمانبەران بەهۆی نەخۆشییەوە توندتر دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی تەنیا بە ڕاپۆرتی لیژنە سەرەتاییەکان فەرمانی خانەنشینی دەربکرێت.
ڕێکارە نوێیەکان و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی
وەزارەتى داراى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەى سەرجەم وەزارەتەکان کردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە بەمەبەستى پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و جێبەجێکردنى دروستى یاسا و ڕێنماییەکان، گۆڕانکاری لە ڕێکارە یاساییەکانى خانەنشینبوونى ئەو فەرمانبەرانەدا دەکەن کە بەگوێرەى ڕاپۆرتى پزیشکى داواى خانەنشینبوون دەکەن. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لەمەودوا پشت بە ڕاپۆرتە پزیشکییە لاوەکییەکان نابەسترێت.
مەرجی دەرکردنی فەرمانی خانەنشینی
بەپێی گشتاندنەکە، هەر فەرمانبەرێک داواى خانەنشینبوون بکات بەهۆى نەخۆشییەوە، فەرمانگەی فەرمانبەرەکە بۆی نییە تەنیا پشت ببەستێت بە بڕیارى لیژنەى پزیشکى لاوەکى بۆ دەرکردنى فەرمانى خانەنشینبوون. وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە نابێت هیچ فەرمانێک دەربکرێت تاوەکو بڕیارەکە پلەى کۆتاى وەردەگرێت و دڵنیایی تەواو لە باری تەندروستی فەرمانبەرەکە دەکرێتەوە.
تانەدان و بڕیاری لیژنەی تێهەڵچوونەوە
وەزارەتى داراى بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک، بەپێویستى دەزانێت لەلایەن فەرمانگەى پەیوەندیدارەوە لە ماوەى یاساییدا تانە لە بڕیاری لیژنە سەرەتاییەکان بدرێت لەبەردەم لیژنەى تێهەڵچوونەوەى پزیشکى. تەنیا دوای ئەوەی لیژنەی تێهەڵچوونەوە بڕیاری کۆتایی دا و سەلمێنرا کە فەرمانبەرەکە بەڕاستی شایستەى خانەنشیبنبوونە، ئەوکات فەرمانی فەرمی بۆ دەردەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا