ئان هاسەوەی لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەکەوە بینایی بۆ گەڕایەوە

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا

خانمە ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیود، چەندین ساڵە بەدەست ئاوی سپیی چاوەوە دەناڵێنێت و دواجار لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە نەخۆشییەکەی چارەسەر کرا.

ئان ئێستا تەمەنی 43 ساڵە و وەکو خۆی دەڵێت، لە 30 ساڵییەوە تووشی ئاوی سپیی چاو بووە و بەهۆیەوە بینینی بە شێوازێکی بەرچاو کەمبووبووەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئاوی سپیی چاو زیاتر لە پاش 40 ساڵییەوە دروستدەبێت، بەڵام هەندێک هۆکاری دیکە هەن وادەکەن لە تەمەنێکی کەمتریشدا دروست ببێت، وەکو هەبوونی مێژووی خێزانی لەگەڵ نەخۆشییەکەدا، بەرکەوتنی زەبر، جگەرەکێشان، نەخۆشیی شەکرە، بەکارهێنانی درێژخایەنی دەرمانە ستیرۆیدەکان و چەند هۆکارێکی دیکەش.

لە تەمەنی 40 ساڵیدا ئان نەشتەرگەریی ئاوی سپیی بۆ کرا و نەخۆشییەکەی بە تەواوی چارەسەر بوو، ئان ئاماژەی بەوەکرد کە لە پاش نەشتەرگەرییەکە هەستی بەوە کردووە بینایی چەند خراپ بووە پێشتر و ئێستا زۆر دڵخۆشە بە ئەنجامەکانی چارەسەرەکە.

نیشانەکانی ئاوی سپیی چاو بریتینلە تەڵخبوونی بینایی، هەستیاربوون بە ڕووناکیی زۆر، خراپیی بینین لە شەودا و چەند نیشانەیەکی دیکەش.

ئەم نەخۆشییە ئەگەر زوو چارەسەر بکرێت، بە تەواوی بینایی کەسەکە چاکدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرێت لەوانەیە بەهۆیەوە ئاوی ڕەشی چاو دروست ببێت.

ئاوی ڕەشی چاو نەخۆشییەکی مەترسیدارە و دەکرێت ببێتەهۆی لەدەستدانی بینایی هەمیشەیی.

گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا