عومەر گوڵپی: باج و ڕسوومات گران کراون کەچی داهاتی ناوخۆ تریلیۆنێک و 550 ملیار دینار کەمی کردووە

ژوان نیزام 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئامارەکانی وەزارەتی دارایی گومان لەسەر شێوازی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ دروست دەکەن و عومەر گوڵپییش دەڵێت، سەرەڕای گرانکردنی باج و ڕسومات، داهات بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەمی کردووە.

ئاستی داهات لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024

عومەر گوڵپی، بەربژێری دەرچووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند، بەگوێرەى ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوونەتەوە، لە ماوەی ساڵانی 2021 تاوەکو 2024 داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەردەوامی لە ئاستێکی بەرزدا بووە و ساڵانە بڕەکەی زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار بووە.

کەمبوونەوەی داهات لە ساڵی 2025

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، لە ساڵی 2025دا داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کورتهێنانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوە کرد، لەو ساڵەدا داهات بە بڕی 1 تریلیۆن و 550 ملیار دینار کەمی کردووە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی کتوپڕە لە ئاستی داهاتەکانی ناوخۆدا.

باج و ڕسومات بەرامبەر داهات

ئەم پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کەمبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2025دا حکومەتی هەرێم باج، گومرگ و ڕسوماتێکی زۆری لەسەر هاوڵاتیان گران کردووە. عومەر گوڵپی دەڵێت، بە هەموو پێوەرە ئابوورییەکان دەبوو بەهۆی گرانکردنی باجەوە داهاتی ئەمساڵ زۆر زیاتر بێت لە ساڵانی ڕابردوو، نەک بەو ڕێژە زۆرە کەمی بکردایە.

ژوان نیزام

4 کاتژمێر پێش ئێستا