سامانەسروشتییەکان بەرپرسیاریەتى پاراستنى کێڵگە نەوتییەکان دەخاتە ئەستۆى حکومەتى فیدڕاڵ
پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و بەغداد پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی کێڵگەکان و گرەنتی کۆمپانیا بیانییەکان ڕادەگەیەنێت.
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى نەوت، بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان درا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، کۆمپانیاکان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن و نەوتەکە لە ڕێگەی بۆریی کوردستان - جیهانەوە ڕەوانەی بەندەری جیهان لە تورکیا دەکرێت.
بەرپرسیارێتی ئەمنیی کێڵگەکان
لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە بەرپرسیاریەتى پاراستنى کێڵگەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان لە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵییە. بەغداد ڕەزامەندی نیشانداوە کە لەبەرانبەر هەر هێرشێک کە لە ناو خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکان بەرپرسیار بێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکاریی کۆمپانیا بیانییەکان کە داوای گرەنتی پاراستنیان دەکرد بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.
کۆبوونەوەی زەیدی و کۆمپانیا بیانییەکان
ڕۆژى 3ـى حوزەیرانى 2026، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ شاندى هەرێم و نوێنەرى کۆمپانیا نەوتییەکان کۆبووەوە. زەیدی داوای لە کۆمپانیاکان کرد بە زووترین کات دەست بە کارکردن بکەنەوە و بەڵێنیدا هەموو داواکارییەکانیان پەیوەست بە دابینکردنی ئاسایش جێبەجێ بکات. سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت لە گەرووی هوورمز تووشی زیانی ئابووری بووە و پێویستە لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمی هەرێمەوە قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێتەوە.
پاشخانی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان
ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان دوای ئەوە هات کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو، پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەم دۆخە کۆمپانیاکانی ناچار کرد کارەکانیان ڕابگرن تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی فیدراڵ گرەنتی پاراستنیان بۆ دابین دەکات.
دانوستانە بەردەوامەکانی هەولێر و بەغداد
ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبن. بڕیارە شاندێکی دیکەی هەرێم سەردانی عێراق بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی کۆی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت، مووچە و داهاتى ناوخۆ، تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە بەرژەوەندی هەردوولا بپارێزێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا