سوپای پاسداران: دەبێت ئیسرائیل لە هەموو ناوچەکانی لوبنان بکشێتەوە
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل لە هەموو بەرەکانی جەنگ لە لوبنان بکشێتەوە و هێزەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ خاڵە سەربازییەکانی پێش جەنگی ئەم دواییە.
پشتیوانى ئێران بۆ حیزبوڵا
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پشتیوانیی حیزبوڵا لە لوبنان ئەرکی هەمووانە و بچوکترین داواکاریی ئێستای بەرەی مقاوەمە کشانەوەی ئیسرائیلە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێش جەنگی ئەم دواییە داگیری کردوون.
پەیام دراوەتە ئەمریکا
هاوکات، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، چەند جارێک لە بارەی لوبنانەوە پەیامیان بۆ ئەمریکا ناردووە و هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو وڵاتە بە پێشێلی ئاگربەست لە لایەن تارانەوە لە قەڵەمدەدرێت.
ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئاگربەستە 40 ڕۆژەییەی ئەمریکا و ئێران کردوویانە لوبنانیش دەگرێتەوە. گوتیشی، ئەگەر هێرشەکانی سەر لوبنان ڕانەگیرابان ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی توندیان دەدایەوە".
3 کاتژمێر پێش ئێستا