سەرۆکی لوبنان: ڕێککەوتنمان لەگەڵ ئیسرائیل دوا دەرفەتە بۆ ئاگربەست
جۆزیف عەون، سەرۆکی لوبنان، ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لە واشنتن ڕاگەیێنرا دوا دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، دەشڵێت، ئەگەر لایەنەکان ڕازیبن، ئاگربەست لە 24 کاتژمێردا جێبەجێ دەکرێت.
دانوستانەکان قورس بوون
جۆزیف عەون لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دانوستانەکانی دوێنێى واشنتن زۆر قورس بوون، دوای دەستتێوەردانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەستیان بە دانوستان کردووەتەوە.
گەرەنتى پێویست بۆ ئاگربەست
عەون ئاشکراشیکرد، لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەست و هەمووان چاوەڕێی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکان و گەرەنتییە پێویستەکان بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەن.
کەى ئاگربەستەکە دەستپێدەکات؟
عەون گوتیشى، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆتایی لە هەموو لایەنەکان، جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەستپێبکات.
جیاوازى ڕێککەوتنەکە
جۆزیف عەون، جەختی لەوەشکردەوە، ئەو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ بەدەستهاتووە، جیاوازە لە ڕێککەوتنی 27ـی تشرینی دووەمی 2024، چونکە ڕێککەوتنێکی بەردەوام دەبێت و ڕۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەکلاکەرەوەیە لە دڵنیاکردنەوەی جێبەجێکردنیدا.
ئەگەرەکانى پابەندنەبوون بە ئاگربەست
عەون باسى لەوەشکرد، ڕێککەوتن دوا دەرفەتە بۆ گەیشتن بە چارەسەر و هۆشداری دا لە ئەگەری پابەندنەبوونى هەر لایەک، دەبێت بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا