ترەمپ: لە دەنگدانێکی بێ مانا دەنگ بە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانم درا

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، لە دەنگدانێکی بێ مانا، چوار ئەندامی خراپی کۆمارییەکان و سەرجەم دیموکراتەکان لە کۆتا قۆناغی دانوستانەکان دەنگییان بە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانمدا.

گەلەکۆمەکێى ناو کۆنگرێس

دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتی، لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە نێوەندی کۆتا قۆناغی دانوستانەکان بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم دەنگدانە کراوە.

دیموکراتەکان و فۆبیاى ترەمپ

ترەمپ نوسیویەتی، کێ لەم جۆرە کارە دەکات دژ بە نیشتمان، لە کاتێکدا دەزانن دانوستانەکان لە چی قۆناغێکدایە، ترەمپ دەڵێت، دیموکراتەکان توشی نەخۆشی تێکچوون بە ترەمپ بوون و دەیانەوێت وڵاتەکەمان شکست بهێنێت لەبری ئەوەی سەرکەوتنێکی دیکە بۆ من زیاد بکرێت.

لە کۆتایشدا سەرۆکی ئەمریکا باس لەو چوار کۆمارییە دەکات و دەڵێت ئەوان چیرۆکێکی دیکەن و دەیانەوێت سەرنج بۆخۆیان ڕابکێشن، بەڵام دەبێت شەرم لە خۆیان بکەن.

هەڵگەڕانەوەى کۆمارییەکان

پۆستەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لەنوێترین بەرەوپێشچووندا، چوار نوێنەری ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتی کۆمارییەکان دەنگی خۆیان خستەپاڵ دیموکراتەکان و بەم جۆرەش پڕۆژەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا لە جەنگی ئێران بە ڕێژەی 215 بە 208 دەنگ پەسەندکرا.

بەکارهێنانى ڤیتۆ

پڕۆژە بڕیارەکە سیمبولییە، ئەگەر ئەنجوومەنی پیرانیش پەسەندی بکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەتوانێت مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت و هەڵیبووەشێنێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەرخەری ئەوەیە کە ترەمپ پاڵپشتی زۆرینە لە شەڕی ئێران لە دەستدەدات.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا