دادگای تورکیا ماددەی تایبەت بە نەفەقەی بێسنووری هەڵوەشاندەوە

عەدنان ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
باڵەخانەی دادگای دەستووریی تورکیا. فۆتۆ: تەرەتە خەبەر
باڵەخانەی دادگای دەستووریی تورکیا. فۆتۆ: تەرەتە خەبەر

دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاریدا کۆتایی بە یاسای نەفەقەی بێسنوور بهێنێت و لەمەودوا ماوەی پێدانی نەفەقە بەگوێرەی دۆخی ئەو ژن و پیاوە بێت کە جیادەبنەوە.

کۆتاییهێنان بە مشتوومڕەکان

پاش چەند ساڵێک مشتومڕ و ناکۆکیی لەسەر ئەو ماوەیەی پێویستە پیاو نەفەقە بدات بەو ژنەی کە لێی جیابووەتەوە، دادگای دەستووری تورکیا بە بڕیارێک، کۆتایی بە مشتومڕەکان هێنا.

دەقی ماددەی 175 یاسای مەدەنیی تورکیا

بەگوێرەی ماددەی 175 لە یاسای مەدەنیی تورکیا، پێویستە پیاو نەفەقە بەو ژنە بدات کە لێی جیابووەتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی ژنەکە یان پیاوەکە دەمرێت، یان گۆڕانکاریی گەورە لە دۆخی دارایی ژنەکە ڕوودەدات.

چیتر پیاو ناچار نییە بۆ هەمیشە نەفەقە بدات

دادگای دەستووری تورکیا لە بڕیارەکەیدا، حوکمەکانی ئەو ماددەیەی هەڵوەشاندەوە و بەو جۆرەش پیاو ناچار نییە بۆ هەمیشە و بەبێ سنوور نەفەقە بەو ژنە بدات کە لێی جیابووەتەوە.

پرسی نەفەقەی بێسنوور

پرسی نەفەقەی بێسنوور کە بە نەفەقەی هەژاریش ناو دەبرێت، ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە ڕۆژەڤی میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکان، پیاوان داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەکرد و ژنانیش بەرگرییان لێدەکرد.

بڕیارەکەی دادگای دەستووریی تورکیا، پاش نۆ مانگ لە دەرچوونی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عەدنان ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا