ڤینیسیۆس بۆ هەمیشە لە مەدرید دەمێنێتەوە
داهاتووی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و پرۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید درامایەکە بەردەوامی هەیە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی و یەکێک لە دیارترین چەکەکانی هێڵی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە ئێستادا لە ناوەندی گرنگترین گفتوگۆکانی پشتەوەی پەردەی تۆپی پێی جیهانی دایە، ئەویش پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی لەگەل یانەی شاهانە، ئەمەش تەنیا بابەتێکی وەرزشی سادە نییە، بەڵکو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە کە لایەنی دارایی، ستراتیژیەتی داهاتووی یانەکە و پێگەی خودی یاریزانەکە لە جیهانی تۆپی پێدا لەخۆدەگرێت.
دوایین پێشهات و ڕێکەوتن
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید، چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت ڤینیسیۆس "بۆ هەمیشە" لە مەدرید بمێنێتەوە، چونکە ئەو ناسنامە و هێزی هێڵی هێرشبەری یانەکەیە..
سەرباری ئەوەی هەردوولا (یانەکە و یاریزانەکە) ئارەزووی بەردەوامی دەکەن، بەڵام پرۆسەی گفتوگۆکان چەندین جار تووشی سستی و وەستان بووەتەوە، گرنگترین هۆکارەکانی ئەم دواکەوتنە بریتین لە یەکسانکردنەوەی مووچەکەی وەکو کیلیان ئێمباپێ، کە ریاڵ تا رادەیەک بەمە قایل نابێت، ڤینی بەلایەنی کەوە داوای 30 ملیۆن یۆرۆ دەکات ساڵانە.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی یانەکە بەردەوامە و مۆندیالیش کاریگەری هەیە لەسەر دواکەوتنی گفتوگۆکان.
لە کۆتاییشدا، هەرچەندە دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر پێشنیاری خەیاڵی لە خولی سعوودی یان یانە دەوڵەمەندەکانی دیکەی ئەورووپا هەیە، بەڵام دڵسۆزی ڤینیسیۆس بۆ ڕیاڵ مەدرید و متمانەی نێوان ئەو و سەرۆک پێرێز بەهێزترن لەو ئۆفەرە گرانبەهایانە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی جامی جیهانی و لەسەرەتای وەرزی نوێدا، گفتوگۆکان گەرموڕێژی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن و بە گرێبەستێکی نوێی درێژخایەن کۆتایی بێت، کە ڤینیسیۆس بۆ چەندین ساڵی تر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بهێڵێتەوە، چونکە جیابوونەوەی ئەم دوو لایەنە لە ئێستادا بۆ هیچ لایەک بژاردەیەکی گونجاو نییە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا