حیزبوڵای عێراقی: یەک فیشەک نادەینە حکومەت

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵای عێراق
ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵای عێراق

حيزبوڵای عێراقی ڕەتیدەکاتەوە یەک فیشەکی دەمانچەش لە چەکەکانی ژێر دەستیان، بدەنەوە بە حکومەت،  دەشڵێت، تاوەکو داگیرکاریی خاک، پێشێلکردنی ئاسمان و دەستبەسەرکردنی بڕیاری سیاسی بوونی هەبێت، ئەوان لە مقاوەمە بەردەوام دەبن.

هۆشداری لە کەوتنە داوی ئەمریکاوە

ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی حیزبوڵای عێراق، لە ڕاگەیێنراوێکیدا هۆشداریی دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و میدیاکاران لە کەوتنە داوی ئەمریکا و داوادەکات، ڕێگە نەدرێت ئامانجەکەیان بەدی بێت.

ڕادەستکردنی چەک پەیوەندارە بە ناوخۆیی گروپەکانەوە

بەرپرسەکەی حیزبوڵا سەبارەت بە پڕۆسەی چەکدانانی بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەڵێت، ڕادەستکردنی چەک و ڕێکخستنەوەی پەیکەربەندیی هێزەکانیان، پەیوەندیدارە بە ناوخۆی ئەو گرووپانەوە، بەمەرجێک چەکەکانیان بە تەواوەتیی ڕادەست بکەن، نەوەک دوو مانگ جارێک ئەو پرسە نوێ بکرێتەوە.

گروپەکەیان بەردەوام دەبێت تاوەکو داگیرکردنی زەوی

سەبارەت بە ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکانی مقاوەمە، ئەبو موجاهید عەساف ڕایگەیاندووە، گرووپەکانیان و کەتیبەکانی کەربەلا، بە یەکگرتوویی دەمێننەوە ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن، تاوەکو داگیرکردنی زەوی، پێشێلکردنی ئاسمان و دەستبەسەردا گرتنی بڕیاری سیاسی بەردەوام بێت، ئەوانیش لە مقاوەمە بەردەوام دەبن.

خۆیان بڕیار لەسەر چەکەکانیان دەدەن

ئەبو موجاهید عەساف جەخت لەوە دەکاتەوە، دوای ئازادکردنی وڵات، ئەوکات لەسەر ڕێکخستنی چەکەکانیان ڕێکدەکەون، دەشڵێت خۆیان بڕیار لەسەر چەکەکانیان دەدەن، یەک فیشەکی دەمانچەش ڕادەست ناکەن، تەنیا چەکەکانیان ڕادەستی ئیمامی قائیم دەکەن، کە مەبەستیان لە محەممەدی مەهدی، ئیمامی دوانزەیەمی شیعەکانە.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا