ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا:  تا ئەو کاتەی خەڵکەکەمان دەکوژرێت باکووری ئیسرائیل سەلامەت نابێت

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا ڕایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی گوندەکانمان بۆردوومان بکرێن و خەڵکەکەمان بکوژرێن، باکووری ئیسرائیل سەلامەت نابێت و داوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیلیشی لە لوبنان کرد.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت

ئەمڕۆ نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا لە راگەیێندراوێکدا باسی لە پرسی ئاگربەست لە لوبنان کرد و گوتی" تاوەکو ئەو کاتەی هێرشەکان بەردەوام بن، ئێمە بە هەموو توانامانەوە ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبینەوە".

ڕێگە بە سەلامەتی باکووری ئیسرائیل نادرێت

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد" تاوەکو ئەو کاتەی گوندەکانمان پارێزراونەبن، بۆردومان بکرێن و خەڵکەکەمان بکوژرێت، ئێمەش ڕێگە نادەین بە سەلامەتى باکووری ئیسرائیل".

داواکاری ئاگربەستی گشتگیر و کشانەوەی ئیسرائیل

قاسم، داوای "ئاگربەستی گشتگیر" و کشانەوەی هێزەکانى ئیسرائیلی لە لوبنان کرد و هانی دەسەڵاتدارانی لوبنانی دا، کۆتایی بە دانوستانە ڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بهێنن کە بە "شانۆگەری و سووکایەتی" وێنایکرد.

قاسم وتیشی: "دەبێت ئاگربەستەکە گشتگیر بێت، نابێت هیچ دابەشبوونێک لەنێوان باشوور و ناوچەکانی دیکەی لوبناندا هەبێت".

لێدوانەکانی قاسم، لە کاتێکدایە ئەمڕۆ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لە واشنتن دوای گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیێنرا، "دوا دەرفەت"ە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی گشتگیر.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا