تەندروستیی جیهانى: خۆراکى پیسبوو هۆکارێکى سەرەکى مردنە
ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى، هۆشداریی دەدات لە مەترسییەکانى خۆراکى ژەهراوى بوو لە جیهاندا و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى نەخۆشکەوتن و گیانلەدەستدان ناوى دەبات، بەتایبەت لەناو چینى منداڵان.
یەک ملیۆن و 500 هەزار مردن
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، خۆراکى پیسبوو بە بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕووەکان و ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان، ساڵانە دەبێتە هۆى گیانلەدەستدانى ملیۆنێک و 500 کەس لە جیهاندا، هاوکاتیش ملیۆنان کەسى دیکە بەهۆى خواردنى نەشیاو، تووشى نەخۆشى دەبن.
داتاو شیکردنەوەکانى WHO
بەگوێرەى شیکردنەوەى داتاکانى 194 وڵاتى جیهان لە نێوان ساڵى 2000 بۆ 2021، ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى ڕوونیکردووەتەوە، ساڵانە 886 ملیۆن کەس لە ڕێگەى خواردنەوە تووشى نەخۆشییە گوازراوەکان دەبن، منداڵانى خوار تەمەن پێنج ساڵ، سێ هێندە زیاتر لە تەمەنەکانى دیکە تووشى نەخۆشییەکان دەبن.
پشکیی شێرى نەخۆشییەکان بەر کوێ دەکەوێت؟
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەفریقا و باشوورى ئاسیا پشکى گەورەى نەخۆشییەکانیان بەردەکەوێت و 60%ـى گیانلەدەستدانەکانى جیهان لەو دوو کیشوەرەدان.
پیسکەرى بایۆلۆجى هۆکارى سەرەکیین
باسى لەوەشکردووە، تەنیا لە ساڵى 2021 نزیکەى 860 ملیۆن کەس بەهۆى حاڵەتەکانى ژەهراوى بوونى خواردن نەخۆشکەوتوون، پیسکەرە بایۆلۆجییەکانى وەک بەکتریا و ڤایرۆس، بەربڵاوترین هۆکارن.
زەرنیخ و قوڕقوشم هۆکارى مردنن
بەگوێرەى ڕێکخراوەکە، هەرچەندە ماددە کیمیاییەکان، هۆکارن بۆ توشبوونى ژمارەیەکى کەمتر، بەڵام بەرپرسیارن لە ڕێژەیەکى بەرزى مردن بەتایبەت حاڵەتەکانى مردن بە زەرنیخ و قوڕقوشم.
نەخۆشیەکان لە تەشەنەسەندان
یوکى میتانۆ، بەرپرسى هونەرى لە تەندروستیى خۆراک لە ناوچەکەدا ڕایگەیاندووە، سەربارى بەردەوامى نەخۆشییەکان، بەڵام لە تەشەنەکردنى زیاتردان بەهۆى گۆڕانکارییەکانى ژینگە و زیادبوونى هۆکارەکانى پیسبوون.
زیانە ئابوورییەکان
هەروەها توێژینەوەکەى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى دەریخستووە، نەخۆشییە گوازراوەکان بەهۆى خواردنەوە، لە ساڵى 2021 زیانى 647 ملیار دۆلاریان بە ئابووریى جیهان گەیاندووە، لە دەرئەنجامى کەمبوونەوەى بەرهەم.
2 کاتژمێر پێش ئێستا