دواى سەرایا سەلام عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتیبەکانى ئیمام عەلى چەک دادەنێن
دواى سەرایا سەلام، پرۆسەى تێکەڵکردنى چەکدارانى عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتیبەکانى ئیمام عەلى دەستپێدەکات.
هەنگاوى کردارى
سەعد مەعن، سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ڕایگەیاند، یەکەم هەنگاوى کرداریى بۆ کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، بە فەرمى لە سامەڕا لەگەڵ سەرایا سەلام دەستیپێکرد، گرووپەکانى دیکەى وەک عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتبەکانى ئیمام عەلى بەدەم بانگەوازەکەوە هاتوون و دەستیانکردووە ڕێکارە یاساییەکان، بۆ تەواوکردنى پرۆسەکە هاوشێوەى سەرایا سەلام.
ڕێکخستنەوەى پەیکەربەندى حەشدى شەعبى
لە بارەى پەیکەربەندى و فەرماندەى لیواکانى حەشدى شەعبى، سەعد مەعن ئاماژەى بەوەکرد، ئەو دۆسییەیە لەنێو چوارچێوە و ڕێکخستنەکاندایە و بە ڕادەستکردنى چەک قورس و مامناوەندەکان و داڕشتنەوەى پەیکەربەندى و تێکەڵکردنى تەواوەتى دەستپێدەکات.
بوونى دیدگایەکى ستراتیج
جەختیشیکردەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، دیدگایەکى ستراتیجى هەیە بۆ دابەشکردنى ئەرک و چالاکییەکان لە شوێنى گرووپەکان و پاسەوانى سنوور، بەجۆرێک دەگونجێت لەگەڵ بەرژەوەندى باڵاى نیشتمانى و گرەنتى مافى سەرجەم چەکداران.
پچڕانى پەیوەندى سیاسیی گرووپە چەکدارەکان
بە گوتەى سەعد مەعن، ئەو گرووپانەى دێنە ژێر چەترى دامەزراوە ئەمنییەکان، هیچ پەیوەندییەکى سیاسییان نامێنێت و لە ڕێگەى دامەزراوە ئەمنییەکانەوە فەرمانى جوڵە وەردەگرن و ڕێنمایی دەکرێن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا