ترەمپ: ئەگەر ئێران سەربازەکانمان بکوژێت ئۆپراسیۆنەکان دەستپێدەکەینەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران سەربازە ئەمریکییەکان بکوژێت، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێدەکاتەوە، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان بە دانوستان بێت یان ڕێگەیەکی دیکە، لە جەنگی ئێراندا سەردەکەون.
لە ئاسمانەوە چاودێرى وێستگەکان دەکرێت
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەرگیز ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی، لە ئاسمانەوە چاودێریی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن و هەرکەس لێیان نزیک ببێتەوە، بەوپێیە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
ئەگەرەکانى کۆبوونەوەى ترەمپ و موجتەبا
دەربارەی دیدار و کۆبوونەوەش لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران، ترەمپ گوتی گرنگی بەوە نادات، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، ڕەنگە لەگەڵ ئەو کۆببێتەوە.
دووبارەبوونەوەى سیناریۆى جیمى کارتەر
باسی لەوەشکرد، بیریان لە ناردنی هێزی تایبەت کردوەتەوە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرزی ئێران، بەڵام ئەو نایەوێت خۆی لە دۆخێکی هاوشێوەی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا ببینێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ساڵانی 1979-1981 کاتێک کارتەر شکستیهێنا لە ناردنی هێزێکی تایبەت بۆ ڕزگارکردنی تیمی دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە بارمتە گیرابوون.
ڕێککەوتنى لوبنان-ئیسرائیل
دەربارەی لوبنان و ئەو ئاگربەستەی بەمدواییە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان دا کرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەوە ڕێککەوتنێکی زۆر باشە و لوبنان هەندێک ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت.
گوتیشی، باوەڕی وایە پێشکەوتن لە دۆسیەی لوبنان بەدیهاتووە و دۆخی لوبنان تاوەکو ڕادەیەک جیاوازترە لە پێشتر، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە دۆخی ئەو وڵاتەش پەیوەستە بە دۆخی ئێرانەوە.
ترەمپ گوتی لەگەڵ هەریەکە لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان قسەی کردووە و باوەڕی وایە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا