هەفتەی داهاتوو سەرۆکی چین سەردانی کۆریای باکوور دەکات
بڕیارە هەفتەی داهاتوو شی جینپینگ سەرۆکی چین، یەکەمین گەشتی دەرەوەی وڵاتی لەمساڵدا بۆ کۆریای باکوور ئەنجام بدات و لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کۆببێتەوە.
کیم بانگهێشتى شى کردووە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کەناڵی سی سی تی ڤیی چین، لەسەر بانگێشتی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە ڕۆژانی 8 بۆ 9ـی حوزەیران سەردانی پیۆنگیانگ دەکات، کە یەکەم سەردانی سەرۆکی چینە بۆ ئەو وڵاتە لە دوای حەوت ساڵ.
پەرەپێدانى پەیوەندییەکان
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، هەردوو سەرۆک گفتوگۆ دەکەن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەو پرسانەی جێی نیگەرانی هەردوولان.
ئەم دیدارەش لە دوای ئەو لوتکە دیپلۆماسییانە دێت کە مانگی ڕابردوو لە پەکین لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بەڕێوەچوون.
پەکین پشت و پەناى پیۆنگیانگە
پەکین سەرچاوەیەکی گرنگی پشتیوانیی سیاسی و ئابوورییە بۆ کۆریای باکوور، بەتایبەت لە سایەی ئەو سنووردارکردنە نێودەوڵەتییانەی کە بەسەر پیۆنگیانگدا سەپێنراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی نیشتمانیی تایبەت بە کۆریای باکوور، ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی 95%ـی پێداویستییە بازرگانییەکانی و 85%ـی هەناردەکردنی، پشت بە هاوکارییەکانی چین دەبەستێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا