ئەدهەم بارزانی لە چوارەمین ساڵیادی شاربەدەربوونیدا: بە فەرمانێکی نادەستووری لە زێدی خۆم دوور خراومەتەوە

کەناڵ8 4 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەدهەم بارزانى، سیاسەتمەدار
ئەدهەم بارزانى، سیاسەتمەدار

ئەدهەم بارزانی لە یادی چوار ساڵەی دوورخرانەوەی لە هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیێنێت ئەو بڕیارە "تاکلایەنە و نادەستوورییە" هەرگیز نەیتوانیوە پەیوەندیی نێوان ئەو و خەڵکی ناوچەکەی بپچڕێنێت.

چوار ساڵ لە دووریی زێد

ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ هەینى 5ـی حوزەیرانی 2026، چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو دۆخەی بە ناچاری لە زێدی خۆی و دوور لە کەسوکارەکەی دەژی. ناوبراو دەڵێت: "ئەو بڕیارە نادەستووری و نادادپەروەرییەی لەلایەن حاکمانی هەولێرەوە دژی من دراوە، هەرگیز نەیتوانیوە کەلێنی خۆشەویستی لەنێوان من و ئازیزانم دروست بکات".

هەڵوێست لەسەر دۆسیە هەستیارەکان

لە پەیامەکەیدا، ئەدهەم بارزانی جەخت لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی دەکاتەوە کە لەبارەی گیراوانی بادینان و لەشکرکێشی و داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان بوون. ئەو دەڵێت: "ئەو هەڵوێستانەی من، هەڵوێستی دەیەها هەزار هاونیشتمانیی ئەم میللەتە بەشمەینەتەیە کە لەسەر ڕاوبۆچوونی جیاواز، دەسەڵاتی هەولێر دەنگە ئازادەکانی کپ کردووە".

سوپاس بۆ سلێمانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی

ئەدهەم بارزانی، سوپاسی تایبەتی خەڵکی سلێمانی و دەسەڵاتدارانی ئەو سنوورە دەکات، بەتایبەت "برای هێژا کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی"، کە بە قسەی خۆی "نەیانهێشتووە هەست بە غەریبی بکات". هەروەها سوپاسی ئێران دەکات کە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا باوەشی بۆ کردووەتەوە.

داواکاری لە حکومەتی عێراق

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەدهەم بارزانی بە "زوڵمێکی گەورە" ناوی ئەو دۆخە دەکات کە پێیدا تێپەڕ دەبێت و داوا لە حکومەتی عێراق و ئازادیخوازان دەکات لەسەر ئەم کەیسە و سەدەها کەیسی دیکەی هاوشێوە بێدەنگ نەبن و ڕێگا نەدەن دەستوور پێشێل بکرێت. ناوبراو جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتی هەولێر دەکات ڕوونی بکەنەوە کە بەهۆی چی هۆکارێکەوە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەو بۆ زێدی خۆی دەکەن.

کەناڵ8

4 کاتژمێر پێش ئێستا