بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی: مۆڵەتمان بە بەکارهێنانی پێشگری ئایینی نەداوە

رۆز سەڵاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە نوێترین رێنمایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە بەکارهێنانی پێشگری ئایینی بۆ ناوی شوێنە بازرگانییەکان دەدات و بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانیش دەڵێت ئیمە هیچ مۆڵەتێکمان نەداوە.

بەکارهێنانى پێشگرى ئایینى

سۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی سلێمانی، بەکەناڵ8ـی راگەیاند "بەکارهێنانی پێشگری ئایینی وەک شێخ و مەلا و سەید بۆ ناوی شوێنە بازرگانییەکان لە سلێمانی باو نییە و بازرگانان زیاتر ناوی خۆیان بەکار دێنن".

بە چ شێوازێک مۆڵەت دراوە؟

گوتیشی "ئەو رێنماییە لە یاسای بازرگانی هەرێم هەیە بۆیە ئێمە هیچ کات مۆڵەتمان بەو پێشگرانە نەدراوە، بەڵام دەگونجێت ناوێک براندێک لە هەولێر رێگەی درابێت لە سلێمانی تەنیا مۆڵەتی کردنەوەی لقەکەمان دابێت نەک ناوی براندەکە".

سزاى پێبژاردنى 100 هەزار

سۆران ئەحمەد، رونیشی کردەوە، هۆشداری دەدەن بە هەموو ئەو شوێنانەی پێشگری ئاینییان وەک لۆگۆ و براند بەکارهێناوە بە زوویی لاببرێت و بیگۆڕن بە پێجەوانەوە سزاکەی 100 هەزار دینارە.

رۆز سەڵاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا