سەرۆکى فەڕەنسا پێشوازى لە دەستپێشخەرییەکەى زێلێنسکى دەکات
سەرۆکی فەرەنسا پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ئاماژەی بە گرنگیی دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ مۆسکۆدا کرد.
کار بۆ بەدیهێنانى ئاگربەست
ئیمانوێل ماکرۆن، لە میانەی بەشداریکردنی لە لوتکەی سەرۆکانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی باڵکان لە مۆنتینیگرۆ ڕایگەیاند: "پێم وایە لەم قۆناغەدا گرنگە ئۆکرانیا و ڕووسیا کار بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست و داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ ئاشتی بکەن، وڵاتانی ئەوروپیش دەتوانن لەم ڕووەوە هاوکار بن."
نامەکەى زێلێنیسکى بۆ پوتن
ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ئۆکرانیا لە نامەیەکی کراوەدا، پێشنیاری کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی کرد.
ماکرۆن نامەکەی زێلنسکی بە 'دەستپێشخەرییەکی ئەرێنی' ناوبرد، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا و ئەڵمانیاش پشتگیریی خۆیان بۆ بژاردەی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کریملن دەربڕیوە.
بونیادنانى ئاشتى
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوەکردەوە، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر داهاتوو و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ بونیادنانی ئاشتی بەردەوام و وتی: "کاتی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان هاتووە".
کۆبوونەوەى ماکرۆن و زێلێنسکى
ماکرۆن لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی خوازیاری گفتوگۆیە لەگەڵ ڕووسیا لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و باسی لەوەشکرد لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ زێلێنسکی کۆدەبێتەوە.
دۆزینەوەى چارەسەرێک بۆ کێشەى ئۆکرانیا
ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی ئۆکرانیا گەرمبوونی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەوڵەکانی پێشوو بۆ ڕاگرتنی ململانێکان تووشی چەقبەستوویی بوبوون.
3 کاتژمێر پێش ئێستا