عێراقچی دیداری نێوان خامنەیی و ترەمپ بە دوور دەزانێت
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ڕابەری باڵای وڵاتەکەی و سەرۆکی ئەمریکا بە دوور دەزانێت. هاوکات جەخت لەسەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی موجتەبا خامنەیی لە ئیدارەدانی کاروباری وڵاتدا دەکاتەوە و دەرنەکەوتنی گشتیی ناوبراویش بۆ ڕێکاری توندی ئەمنی دەگەڕێنێتەوە.
وەڵامێک بۆ پێشنیازەکەی ترەمپ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە ئیدارەدانی کاروباری وڵات؛ ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ لێدوانێکی ترەمپ سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی.
مەرجی ترەمپ بۆ کۆبوونەوە
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا نایەوێت لەگەڵ خامنەیی کۆببێتەوە، بەڵام ئەگەری دیداری لەگەڵ ڕابەری ئێران بە دوور نەزانی ئەگەر هەردوو وڵاتەکەیان بگەنە ڕێککەوتن.
"کۆنترۆڵی تەواوی دۆخەکە لە دەستی ڕابەری باڵادایە"
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: "پێویستە واقیعیانە مامەڵە بکەن و بزانن کە کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی دۆخەکە لە دەستی ڕابەری باڵای ئێرانە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ڕێنماییان کردووە بە ئاشکرا دەرنەکەوێت، لەبەر هۆکاری پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە".
شێوازی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات
عێراقچی دەشڵێت، بە شێوەیەکی ڕێکخراو پەیوەندی بە ڕابەری وڵاتەکەیانەوە دەکەن، ڕێنماییەکانی لە کاتی گونجاودا دەگاتە دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەمووان بە وردی پێوەی پابەند دەبن؛ ناوبراو جەختی لە ڕۆڵی کاریگەری ڕابەری باڵای وڵاتەکەی کردەوە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ئێراندا.
1 کاتژمێر پێش ئێستا