بڕیارێکی نوێی حکومەت عێراق کێشە بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات
بەگوێرەی بڕیارێکی نوێی حکومەتی عێراق، کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی حەواڵەی دەرەکی و ناردنی پارە، ناچار دەکرێن ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتاییان لە بەغداد پەسەند بکەن. ئەم بڕیارە کە هاوتەریبە لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، کۆمپانیاکان دەخاتە بەردەم مەترسیی باجی دووژمارەیی و چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە سەردانی بەغداد بکات.
مەرجە نوێیەکانی حەواڵەی دەرەکی
بڕیارێکی نوێی حکومەتی عێراق، کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ناچار دەکات ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتاییان لە بەغداد پەسەند بکەن. بەوەش کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن حەواڵەی دەرەکی بکەن بەبێ پەسەندکردنی ڕاپۆرتی ژمێرەیان لە بەغداد.
بەستنەوەی بڕیارەکە بە سیستمی ئەسیکۆدا
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکی ئاگادار، عێراق داوای کردووە لە دوای 1ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە، دەبێت کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆتاییان لەلایەن ئەنجومەنی ژمێریارانی عێراقەوە پەسەند کرابێت.
گرفتی باجی دووژمارەیی بۆ کۆمپانیاکان
ئەو بڕیارە کێشەیەکی گەورە بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەبێت بۆ ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ژمێرەیی کۆتاییان کە بە شێوەی وەرزی و ساڵانەیە، دووجار ئامادە بکەن و دووجار باج بدەن؛ واتە جارێک بۆ هەرێمی کوردستان و جارێکی دیکەش بۆ عێراق، هەروەها دەبێت ژمێریاری یاسایی عێراقی ڕاپۆرتەکان پەسەند بکات.
ناچارکردنی کۆمپانیاکان بە تۆمارکردن لە بەغداد
ئەم کێشەیە کاتێک ڕووبەڕووی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە کە هەڵدەستن بە حەواڵەی دەرەکی و ناردنی پارە لە ڕێگەی بانکەکانەوە، بە جۆرێک بەگوێرەی ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق دەبێت ڕاپۆرتی ژمێرەی کۆمپانیاکان لە کاتی داواکردنی حەواڵەدا پێشکەش بە بانکەکە بکرێت بۆ وردبینی؛ مەرجی سەرەکیش ئەوەیە کە ڕاپۆرتەکە لەلایەن ژمێریاری یاسایی عێراق و لەلایەن ئەنجومەنی ژمێریارانی عێراقەوە پەسەند کرابێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیدی کار بە پەسەندکردنی ژمێریاری یاسایی هەرێمی کوردستان ناکرێت و بەم جۆرەش کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ناچار دەکرێن کە لە بەغداد خۆیان تۆمار بکەن و ڕاپۆرتی ژمێرەی خۆشیان هەر لەوێ پەسەند بکەن.
سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، بڕیار وایە شاندی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی ئایندەدا سەردانی بەغداد بکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و ئەم گرفتانەی کە ماون، ئەو پرسەش لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد تاوتوێ دەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا