نەوزاد شێخ کامیل: کردنەوەى دەروازەى ڕەبیعە کاریگەریى لەسەر دەروازەى ئیبراهیم خەلیل نەبووە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئاماری چالاکییەکانی مانگی ئایاری ڕابردووی ڕاگەیاند، بەهۆی سەرپێچییەوە زیاتر لە 20 ملیۆن دینار سزا بەسەر کۆمپانیا و مارکێتەکاندا سەپێندراوە؛ هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش دووپاتی دەکاتەوە کە کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعە چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی بازرگانیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەبێت.

ئاماری پشکنین و سزای سەرپێچیکاران

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی ئایاردا لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ لە هەرێمی کوردستان 4000 سەردانیان بۆ مۆڵ، مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان ئەنجامداوە. دەشڵێت، بەهۆی سەرپێچییەکانەوە، 200 سەرپێچی تۆمارکراوە و زیاتر لە 20 ملیۆن دینار سزای سەرپێچیکاران دراوە.

لەناوبردنی خۆراکی ماوەبەسەرچوو

گوتیشی، هەر لە ئاکامی سەردانی لیژنەکاندا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 10 تۆن خۆراک و کەرەستە و پێداویستیی ماوەبەسەرچوو لەناوبراوە.

"کردنەوەى دەروازەى ڕەبیعە کاریگەریى لەسەر دەروازەى ئیبراهیم خەلیل نەبووە"

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعە کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەبووە".

ڕێکارەکانی بەغدا و داهاتووی دەروازەکان

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "تاوەکو ئێستا مەترسی لەسەر ئەو ڕێگەیە هەیە و بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی بەغداد پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان دەریدەکات، دەیانەوێت لە داهاتووشدا ئەو دەروازەیە کاریگەریی لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەبێت".

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا