بەهاى یەک بیتکۆین بۆ 60 هەزار دۆلار دابەزینى تۆمار کرد؛ لە هەشت مانگدا 52%ی بەهاکەی دابەزیوە

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک دراوی ئیلکترۆنیی بیتکۆین. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک دراوی ئیلکترۆنیی بیتکۆین. فۆتۆ: AP

بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بووە و بەهای بیتکۆین لە ماوەی یەک مانگدا 25%ـی نرخەکەی لەدەست داوە. ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورمز و کەشتیوانیی جیهانی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتی دارایی و ئابووریی جیهانی دروست کردووە.

کاریگەریی گرژییە سیاسییەکان لەسەر دراوە ئەلیکترۆنییەکان

لەگەڵ بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن، نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان و بەتایبەت بیتکۆین، دابەزینێکی بەرچاویان تۆمار کردووە، بە جۆرێک لە ماوەی 1 مانگدا 25% دابەزینی تۆمار کردووە.

ئاستی دابەزینی نرخی بیتکۆین لە بازاڕدا

نرخی 1 بیتکۆین کە بەهێزترین دراوی کریپتۆیە لە جیهاندا، بەڕێژەی 5% دابەزینی تۆمار کرد و گەیشتە 60,000 دۆلار، ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی 1 مانگدا نرخی 1 بیتکۆین 68,000 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 60,000 دۆلار دابەزیوە.

بەراوردکاریی بەهای بیتکۆین لەگەڵ ئاستە مێژووییەکان

بەگوێرەی داتا داراییەکان، لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوودا، بەهای بیتکۆین 52.3% لە خوار بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیەوەیەتی کە لە تشرینی یەکەمی 2025 تۆماری کردبوو و گەیشتبووە 126,000 دۆلار.

هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەی نرخەکان

هاوکات، لە ماوەی 3 مانگی جەنگدا 1 بیتکۆین 18,000 دۆلار لە نرخەکەی کەم بووەتەوە، کە لە 78,000 دۆلار بۆ 60,000 دۆلار دابەزینی تۆمار کردووە، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دابەزینە بۆ بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی واشنتن و تاران دەگەڕێتەوە لەگەڵ پرسی داخستن یاخود سنووردارکردنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی جیهانی، لەپاڵ بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕەکان دروست کردووە.

مێژوو و پێگەی یاسایی بیتکۆین

دراوی بیتکۆین وەک دراوێکی ئەلیکترۆنی لە ساڵی 2009ـەوە لە ئەمریکا مامەڵەی پێوە دەکرێت، پشتیوانانی ئەم دراوە واژۆکردنی یاساکانی پێوەست بەم دراوە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بە قۆناغێکی گرنگ و مێژوویی لەقەڵەم دەدەن بۆ جێگیرکردنی پێگەی بیتکۆین لە داهاتووی ئابووریی جیهاندا.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا