ئۆزگور ئۆزەل: ئێمە هەڵبژاردن دەبەینەوە و دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا دەگۆڕین

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ باکووری تورکیا دووپاتی کردەوە کە ئەوان لایەنی شەرعی و هەڵبژێردراوی ناو پارتەکەن و لە داهاتووشدا هەڵبژاردن دەبەنەوە؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناکۆکییەکانی لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو و دەستبەسەرداگرتنی بارەگای سەرەکیی جەهەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.

"دەسەڵات دەگۆڕین"

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە ئەوانن کە هەڵبژێردراون و ڕایگەیاند: "هەر ئێمەین کە هەڵبژاردن دەبەینەوە و دەسەڵات دەگۆڕین".

سەردانی پارێزگاکانی باکووری تورکیا

ئۆزگور ئۆزەل سەردانی هەر یەک لە ڕێکخستنەکانی جەهەپەی لە گوموشهانە و ترابزۆن لە باکووری تورکیا کرد و لە هەردوو پارێزگاکەدا وتاری پێشکەشی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کۆماریی گەل کرد.

کێشەی بارەگای سەرەکیی جەهەپە

ئۆزەل وەک ئاماژەیەک بۆ وەرگرتنەوەی بارەگای سەرەکیی پارتەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەر داواکاریی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گەڕێنراوەی پارتەکە، ئاماژەی بەوە کرد، "باڵەخانەکانمان لە ڕابردوودا جێهێشت، ئێمە پێویستمان بە بینا و باڵەخانە نییە. ئەوانەی زۆر حەزیان لە باڵەخانە بوو، دەستیان کەوت. بەڵام ئایا ئەوانەی لەو باڵەخانەیەدا دانیشتوون دەتوانن بێن و لێرە لەگەڵ ئێوەدا قسە بکەن؟ دەتوانن بێن و بەرامبەرتان بووەستن؟ ئەوانەی بە شکست و دۆڕان ڕاهاتبوون لە ڕابردوودا بەجێمان هێشتن. پێویستم بە بینا نییە، بەڵکو پێویستم بەوەیە جارێکی تر لەگەڵ ئێوەدا هەڵبژاردن ببەمەوە".

جەختکردنەوە لەسەر شەرعییەتی حزبی

سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەو سەرۆکی شەرعیی پارتەکەیە، گوتی: "ئێمە ئەوانەین کە هەڵبژێردراوین، ئێمە ئەوانەین کە باوەڕمان بە سندوقی دەنگدان هەیە. هەر ئێمەین کە سندوقی هەڵبژاردن دەهێنین و دەسەڵات دەگۆڕین".

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا