بانکی نێودەوڵەتی 80 ملیۆن دۆلار بۆ دوو پڕۆژەی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکات
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بانکی نێودەوڵەتی بڕی 80 ملیۆن دۆلاری وەک قەرز بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک پەسند کردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی قەرزێکی گەورەتری بانکەکەدایە بۆ عێراق کە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخان و ڕێگاوبانەکانە.
تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان ئەوە ئاشکرا دەکات، بانکی نێودەوڵەتیی نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار بۆ دوو پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک پەسند کردووە.
وردەکاریی قەرزەکە و بڕیارەکەی واشنتن
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ڕۆژی 4ی حوزەیرانی 2026 بۆردی بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە فەرمی قۆناغی یەکەمی ئەو دوو پڕۆژەیەی پەسند کردووە، کە بریتییە لە پێدانی قەرز بە بڕی 900 ملیۆن دۆلار بە عێراق؛ لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار لە قەرزەکەدا پەسند کراوە.
پڕۆژەی ڕێگای سلێمانی – چەمچەماڵ – کەرکووک
ئاماژە بەوە کراوە، پڕۆژەکان پێکهاتوون لە پڕۆژەی (ئەپگرەید و فراوانکردنی ڕێگای سلێمانی- چەمچەماڵ- کەرکووک، بەشی تاسڵوجە بۆ بانی مەقان) بە درێژیی 50 کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانی.
پڕۆژەی ڕێگای گرشین – سحێلا لە دهۆک
هەروەها پڕۆژەی دووەم بریتییە لە (ئەپگرەید و فراوانکردنی ڕێگای گرشین- سحێلا) بە درێژیی 22 کیلۆمەتر، لەگەڵ دروستکردنی یەکتربڕی گرشین لە پارێزگای دهۆک.
هەوڵە وەزارییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە، پەسندکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە، پاش هەوڵە بەردەوامەکانی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم و وەزارەت دێت، کە چەندین سەردان و کۆبوونەوە ئەنجام دراوە تاوەکوو 2 پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و لەسەر قەرزی بانکەکە بخرێتە بەرنامەی جێبەجێکردنەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا