وەزیری ژینگەی عێراق: چارەسەرى پیسبوونى هەوا و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق
سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، وەزارەتی ژینگەی عێراق پلانی ستراتیژیی چوار ساڵی داهاتووی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییاتە ژینگەیییەکان ڕاگەیاند؛ پلانەکە جەخت لەسەر ڕێگریکردن لە ڕشتنی پاشماوەکان بۆ ناو ڕووبارەکان و بەهێزکردنی چاودێریی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا دەکاتەوە لە ڕێگەی سەپاندنی سزای یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا.

ڕاگەیاندنی پلانی چوارساڵەی ژینگە

لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، وەزیری ژینگەی عێراق پلانی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەتەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت، کار دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو، چارەسەری پیسبوونی هەواش دەکەین.

پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لە پاشماوەکان

سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، ئەم ڕۆژە دەکەنە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونیان بە کاری جدی و بەرپرسیارانە بۆ پاراستن و باشترکردنی ژینگە، دەشڵێت، بۆ 4 ساڵی داهاتوو یەکێک لە کارە سەرەکییەکانیان نەهێشتنی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو دەبێت، بۆ ئەمەش ڕێگری دەکەن لەوەی زبڵ و پاشماوە بکرێتە سەرچاوەی ئاوی ڕووبارەکان.

چاودێریی هەوا و سەپاندنی سزای یاسایی

وەزیری ژینگە دەشڵێت: "چارەسەری پیسبوونی هەوا دەکەن بە بەهێزکردنی چاودێریی ژینگەیی و سەپاندنی سزای یاسایی بەسەر هەر کەس و لایەن و کۆمپانیا و کارگەیەک کە پابەندی ڕێسا و ستانداردە ژینگەیییەکانی وەزارەتەکە نەبێت".

ڕۆژی جیهانیی ژینگە

ڕۆژی 5ی حوزەیران بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە دیاریکراوە و ساڵانە لە زۆربەی وڵاتەکاندا چالاکیی جۆراووجۆری ژینگەیی لەم ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێت.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا