تەقتەق بووەتە ناوچەیەکى گەشتیارى و لە سێ پارێزگاوە گەشتیار ڕووى تێدەکات
قایمقامی شارۆچکەی تەقتەق ئاشکرای دەکات کە بەهۆی پەرەپێدانی فێستیڤاڵە کشتوکاڵییەکان و ڕاکێشانی گەشتیاران لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە، ژمارەی گەشتیارانی ناوچەکە لە ماوەی 5 ساڵدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە 100 هەزارەوە بۆ 200 هەزار گەشتیار بەرز بووەتەوە.
سەرچاوەی هاتنی گەشتیاران بۆ شارۆچکەکە
ئاسۆ مستەفا، قایمقامی شارۆچکەی تەقتەق، سەر بە پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی 5 ساڵدا ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ شارۆچکەی تەقتەق دوو هێندە زیادی کردووە و دەڵێت، گەشتیاران لە کەرکووک و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی تەقتەق دەکەن.
گرێدانی کەرتی کشتوکاڵ بە گەشتیارییەوە
قایمقامی تەقتەق دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی ناوچەکەیان ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، بەڵام هەوڵیان داوە کشتوکاڵ و گەشتیاری پێکەوە گرێ بدەن و بۆ ئەوەش، ساڵانە لە چەند فێستیڤاڵێکی جیاوازدا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە گەشتیاران ئاشنا دەکەن.
ئامارەکانی گەشەی گەشتیاری لەنێوان 2020 بۆ 2025
گوتیشی، لە ماوەی 5 ساڵدا، لە ساڵی 2020 تاوەکو ساڵی 2025 ڕێژەی هاتنی گەشتیار دوو هێندە زیادی کردووە؛ لە ساڵی 2020دا 100,000 گەشتیار سەردانی تەقتەقیان کردووە، بەڵام لە ساڵی 2025 ڕێژەکە گەیشتووەتە 200,000 و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکەوتنی ئەو پلانەی کە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ناوچەکەدا هەیە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا