ڕاوێژکارێکی باڵای خامنەیی: ڕێککەوتن بکرێت دەبێت 24 ملیار دۆلاری پارە بلۆكکراوی ئێران ئازاد بکرێت

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران
موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران

ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری ئێران ڕایدەگەیەنێت، هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەنێوان تاران و واشنتن بەستراوەتەوە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی وڵاتەکەی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە. هاوکات هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیدا، جەنگەکە بۆ دەرەوەی ناوچەی کەنداو دەگوازرێتەوە.

داوای ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار پارەی سڕکراو

ڕاوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران پەیوەستە بە ڕازیبوونی ئیدارەی ترەمپ بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران و هۆشداریش دەدات، کە ئەمریکا دەچێتە ناو تونێلێکی تاریکەوە ئەگەر دەست بە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی بکاتەوە.

چەقبەستنی دانوستانەکانی تاران و واشنتن

موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دەڵێت، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا چەقیان بەستووە، پێویستە لەسەر دۆناڵد ترەمپ ئەو چەقبەستووییە بشکێنێت و ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە.

قۆناغەکانی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان

ڕەزایی ئاماژە بەوە دەکات، لە ئەگەری واژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکدا، ئێران داوای ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری پارە بلۆککراوەکانی دەکات و لە قۆناغی دواتریشدا داوای 12 ملیار دۆلاری دیکە دەکات.

دروستکردنی متمانەی نێوان هەردوو وڵات

ڕەزایی دەڵێت، ئەو پارەیە، پارەی ئێرانە نەک ئەمریکا، ئازادکردنی پارەکان لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، متمانە لەنێوان هەردوو وڵات دروست دەکات و ئاسۆیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکاتەوە.

هۆشداریی گواستنەوەی جەنگ بۆ دەرەوەی کەنداو

ڕاوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی هۆشداریش دەداتە ئەمریکا ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئەوان شەڕەکە بۆ دەرەوەی کەنداو و گەرووی بابولمەندەب لەسەر دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست دەگوازنەوە و بنکە سەربازییە دوورەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ بە دوور دەزانێت.

ڕەتکردنەوەی دیداری نێوان ترەمپ و خامنەیی

ڕەزایی ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیاری میدیا ئەمریکییەکە سەبارەت بە تەندروستیی موجتەبا خامنەیی و ڕۆڵی لە بڕیاردانی وڵاتەکەیدا بداتەوە، بەڵام ئەگەری دیداری ترەمپ و موجتەبا خامنەیی ڕەتکردەوە و گوتی، ترەمپ لە ئێستادا دانوستانەکانی ڕاگرتوون و ئەو دیدارە ڕوونادات.

لێدوانەکانی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا

ئەو قسانەی موحسین ڕەزایی دوای ئەوە دێت، ترەمپ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا گوتی، ئەگەری هەیە لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆببێتەوە.

یاساییبوونی ڕسووماتی گەرووی هوورمز

سەبارەت بە گەرووی هوورمز، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران جەخت دەکاتەوە، کە بەڕێوەبردنی گەرووەکە مافی یاسایی ئێران و عۆمانە و ئەو پارەیەی کە لە کەشتییە بازرگانییەکان وەردەگیرێت ڕسووماتی تێپەڕبوونە بۆ چاککردنەوە و پاراستنی ئەمنییەتەکەی هوورمز نەک وەرگرتنی باج.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا