قاسم ئەعرەجی: ئێران باج و پارەی گواستنەوەی نەوت لە عێراق وەرناگرێت

کەناڵ8 5 کاتژمێر پێش ئێستا
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق. فۆتۆ: پەڕەی ڕاوێژکارەکی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق. فۆتۆ: پەڕەی ڕاوێژکارەکی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە پێدانی پارە دەکەن بە ئێران لە بەرامبەر پەڕینەوەی کەشتییە نەوتییەکانی وڵاتەکە لە گەرووی هوورمز.

ڕەتکردنەوەی باج و گومرگی گەرووی هوورمز

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن عێراق پارەی پەڕینەوەی کەشتییە نەوتییەکان دەداتە ئێران، دوورن لە ڕاستییەوە. ئەعرەجی ئاشکرای کرد کە پێشتر حکومەتی تاران عێراقی لە لیستی ئەو وڵاتانە دەرهێناوە کە ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج و گومرگ لە گەرووی هوورمز دەیانگرێتەوە.

ئاسایشی هەرێمی و پێگەی ستراتیژی

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی پێگە ستراتیژییەکەیەوە کە بەستەرەوەی 3 کیشوەری جیهانە، گرنگییەکی زۆری هەیە. جەختیشی کردەوە کە وا پێویست دەکات وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە کار بکەن بۆ پارێزگاریی لە ئاسایشی هەرێمیی خۆیان و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان.

بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت لە بەسڕەوە

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیای عێراق، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت بەردەوامیی هەیە. لە نوێترین جووڵەدا، کەشتییەکی گوێزەرەوەی چینی لە بەندەرەکانی پارێزگای بەسڕە توانیویەتی بڕی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بار بکات و بەبێ کێشە بەرەو جێگەی مەبەست بەڕێ بکەوێت.

کەناڵ8

5 کاتژمێر پێش ئێستا