%90ی پارە ساختەکانی جیهان لە چینەوە دێن؛ مێژووی جەنگێکی بێکۆتایی لەگەڵ دراوی تەزویر

ژولیا ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پڕۆسەی ساختەکردنی دراو لەگەڵ سەرهەڵدانی پارەی کاغەزییەوە گەشەی کردووە و ئێستا بەهۆی ژیریی دەستکردەوە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، بە جۆرێک تەنیا لە یەک ئۆپراسیۆندا دەست بەسەر زیاتر لە ملیارێک یۆرۆی ساختەدا گیراوە.

مێژووی دراو و سەرهەڵدانی ساختەکاری

مێژووی بەکارهێنانی دراو بۆ 600 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە کە لە تێکەڵەی کانزاکان دروست دەکرا، پێش ئەو کاتەش مامەڵەکان لەرێگەی گۆڕینەوەی دانەوێڵە و کاڵا بووە. پاش سەدەی 10ـی زایینی، وڵاتی چین وەک پێشەنگ مامەڵەکردنی بە پارەی کاغەزی دەستپێکرد. هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی دراوە کاغەزییەکان، پڕۆسەی ساختەکردنیش دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆش شانبەشانی بەهێزکردنی پێکهاتەی دراوەکان، ساختەکاریش پەرەی سەندووە.

ژیریی دەستکرد و ئاستەنگە نوێیەکان

لەم سەردەمەدا ژیریی دەستکرد ڕێگەی بۆ ساختەکردنی پارە زیاتر خۆشکردووە. لە بەرامبەردا بەرهەمهێنەرانی دراوە فەرمییەکان هەوڵدەدەن تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بۆ پاراستنی دراوەکان و ڕێگری لە ساختەکردن بەکاربهێنن. بەپێی توێژینەوەیەک کە پێگەی "زە کۆنڤێرسەیشن" لەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە، هیچ دراوێک لە جیهاندا نییە کە ساختە نەکرێت و تۆڕە تاوانکارییەکان بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی دراوی ساختە.

تۆڕە تاوانکارییەکان و ڕۆڵی ئاسیا

تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی ساختەکردنی پارە بە پلەی یەکەم لە دەرەوەی کیشوەری ئاسیا کاردەکەن. ئامارەکان دەریدەخەن کە نزیکەی 90%ـی ئەو پارە ساختانەی لە جیهاندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لە وڵاتی چینەوە سەرچاوەیان گرتووە یان لە ڕێگەی ئەو تۆڕە تاوانکارییانەوە بڵاودەکرێنەوە کە بنکە سەرەکییەکانیان لەو وڵاتەیە.

ئامارەکانی دەستبەسەرداگرتن و دۆخی ئوسترالیا

لە سەرەتای ساڵی 2026، کۆمپانیای یۆرۆپۆل بە هەماهەنگی هێزەکانی پۆلیس و گومرگی 18 وڵات، دەستیگرت بەسەر 1 ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆی ساختەدا. هاوکات دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا ڕایانگەیاندووە، تەنیا لە 6 هەفتەی یەکەمی ئەمساڵدا، هاوردەکردنی پارەی ساختە بۆ ناو وڵاتەکەیان بە ڕێژەی 700% زیادی کردووە، کە دراوی جۆراوجۆری لە 10 دۆلارییەوە تاوەکو 100 دۆلاری تێدابووە.

پارێزراوترین دراو لە جیهاندا

سەرەڕای مەترسییەکانی ساختەکاری، دراوی "یۆرۆ" یەکێکە لەو دراوانەی کەمترین جار ساختە دەکرێت. بانکی ناوەندیی ئەوروپا (ECB) توانیویەتی یەکێک لە نزمترین ڕێژە مێژووییەکانی دراوی ساختە بپارێزێت، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی بەهێزترین سیستمی ئەمنی و پێکهاتەی ئاڵۆز لە دروستکردنی دراوەکەدا.

ژولیا ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا