یەدەگی نەوتی ئەمریکا بۆ 357 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە؛ نزمترین ئاست لە دوو ساڵدا

ئارا ئیبراهیم 4 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کێڵگەکانی نەوتی ئەمریکا
یەکێک لە کێڵگەکانی نەوتی ئەمریکا

یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی دوو ساڵی ڕابردوو و واشنتن پلانێک بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی نەوت لە ڕێگەی وەرگرتنەوەی قەرزەکان لە کۆمپانیاکان دەستپێدەکات.

پلانی وەرگرتنەوەی نەوت لە کۆمپانیاکان

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە نەوتیان لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکە بە قەرز وەرگرتووە، دەبێت 40 ملیۆن بەرمیل نەوت بگەڕێننەوە. وەزیری وزە ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنەکە بە جۆرێکە، بۆ هەر 1 بەرمیل نەوتێکی خاو کە لە یەدەگەکە خراوەتە بازاڕ، دەبێت ساڵی داهاتوو کۆمپانیاکان بە ڕێژەی 1.25 بەرمیل نەوت ڕادەستی حکومەت بکەنەوە.

ئاستی ئێستای یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئاستی کۆگاکانی یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا بۆ 357 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل دابەزیوە، کە ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت. ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، نرخی سووتەمەنی بەرزبووەوە و واشنتن پەنای بۆ بەکارهێنانی یەدەگەکەی برد.

داخستنی گەرووی هوورمز و بڕیاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە

لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بڕیاریاندا 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگەکانیان بخەنە بازاڕەوە بۆ هێورکردنەوەی نرخەکان. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە بەهۆی جەنگەکەوە گەرووی هوورمز داخرا و هێرشکرایە سەر دامەزراوەکانی وزە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی گەورە لە بازاڕدا، چونکە پێش جەنگەکە ڕۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە هەناردە دەکرا.

کاریگەریی کۆگاکانی ئەمریکا لەسەر بازاڕی جیهانی

وەزارەتی وزەی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئاستی کۆگاکانی نەوتی خاوی وڵاتەکەیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر نرخی گرێبەستەکانی داهاتوو لە بۆرسە جیهانییەکاندا. لە ئێستادا ڕۆژانە بە بەهای ملیارەها دۆلار مامەڵە بەو گرێبەستانەوە دەکرێت و سەقامگیریی یەدەگی ئەمریکا وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ دیاریکردنی ئاراستەی نرخەکان لە جیهاندا سەیر دەکرێت.

ئارا ئیبراهیم

4 کاتژمێر پێش ئێستا