شوێنێک تەنانەت سەرۆکیش بۆی نییە بیبینێت؛ نهێنییەکانی گەنجینەی زێڕی ئەمریکا

ژولیا ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە یەدەگەکانی زێڕی ئەمریکا
یەکێک لە یەدەگەکانی زێڕی ئەمریکا

گەنجینەی نهێنیی زێڕی ئەمریکا لە ویلایەتی کێنتاکی کە نیوەی یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتەی تێدایە، جارێکی دیکە دەبێتە سەنتەری مشتومڕ و سەرۆکی ئەمریکا گومانی لە پارێزراویی زێڕەکان هەیە.

فۆرت نۆکس؛ گەنجینەی نهێنیی زێڕی ئەمریکا

گەنجینەی "فۆرت نۆکس" کە دەکەوێتە ناو دارستانەکانی ویلایەتی کێنتاکی، بە یەکێک لە پارێزراوترین شوێنەکانی جیهان دادەنرێت. بەپێی ئامارەکانی پێگەی (US Mint)، بڕی 147.3 ملیۆن ئۆنسە زێڕی تێدایە کە بەهاکەی زیاتر لە 700 ملیار دۆلارە. ئەم بڕە زێڕە نیوەی کۆی گشتیی یەدەگی زێڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێکدەهێنێت و لەژێر چاودێریی توندووتۆڵی تۆڕێکی چڕی سەربازیدایە.

مێژووی بونیادنان و یەکەم گەشتی زێڕ

بونیادنانی ئەم گەنجینەیە بۆ ساڵی 1930 دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی جیهان لە قەیرانێکی ئابووریی قووڵدا بوو. یەکەمین باری زێڕ لە ساڵی 1937 گەیشتووەتە ئەم شوێنە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نە زێڕی نوێی بۆ براوە و نە هیچ بڕێکیشی لێ دەرهێنراوە. فۆرت نۆکس جگە لە کۆگایەک، وەک هێمای متمانە بە سیستەمی دارایی ئەمریکا و سەقامگیری گەورەترین ئابووریی جیهان سەیر دەکرێت.

کەی دەرگاکانی فۆرت نۆکس کراونەتەوە؟

لە مێژووی خۆیدا، ئەم گەنجینەیە تەنیا چەند جارێکی کەم کراوەتەوە. لە ساڵی 1974 بەهۆی دەنگۆی ونبوونی زێڕ، ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی کۆنگرێس درا سەردانی بکەن. جارێکی دیکەش لە ساڵی 2017 بۆ بەرپرسانی حکومەت و کەسایەتییە سیاسییەکان کرایەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، دەرگاکانی ئەم کۆشکە بە داخراوی ماونەتەوە و تەنانەت سەرۆکەکانی ئەمریکاش بە ئاسانی ناتوانن بیبینن.

گومانەکانی ترەمپ و دەنگۆی دزینی زێڕ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەو ڕۆژەوەی گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی، گومانی خۆی لە هەبوونی تەواوی زێڕەکان دەربڕیوە. ترەمپ ئاماژە بە دەنگۆی دزینی چەند تۆنێک زێڕ دەکات و پەنجەی تۆمەت بۆ ئەفسەرێکی پێشووی (CIA) ڕادەکێشێت کە تۆمەتبارە بە دزینی چەند ئۆنسە زێڕێک بە بەهای ملیۆنان دۆلار. لە 31ـی ئایاردا، ترەمپ لە پلاتفۆرمی (Truth Social) داوای کرد بە شێوەیەکی فیزیکی وردبینی بۆ تەواوی گەنجینەکە بکرێت.

ئایندەی گەنجینەکە لە نێوان شەفافیەت و سیاسەتدا

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا فشارە سیاسییەکانی ترەمپ دەبنە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە دەرگاکانی فۆرت نۆکس بۆ وردبینییەکی فیزیکی بکرێنەوە؟ ئەم بابەتە تەنیا پرسێکی دارایی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە شەفافیەت و چاودێریکردنی یەدەگە نیشتمانییەکانی ئەمریکا، کە ئایا وەک بەشێک لە مشتومڕە سیاسییەکان دەمێنێتەوە یان هەنگاوی کردەیی بۆ دڵنیابوونەوە لە گەنجینەکە دەنرێت.

ژولیا ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا