هۆکارەکانی کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی کۆرپەلەیەک لە سکی دایکیدا
وێنەی کۆرپەلەیەک لە سکی دایکیدا

د.هاژە عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، هۆکارەکانی کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا بۆ خانمانی دووگیان دەخاتەڕوو.

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا

کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی هەیە، لەوانە:

  1. خەوتنی منداڵەکە لەناو سکی دایکدا، به نزیکەیی 20 بۆ 40 خولەکی پێ دەچێت
  2. بارودۆخی جەستەیی و دەروونی دایکەکە، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستیی منداڵەکەش، ئەو هۆڕمۆنانەی کە بەهۆی فشاری دەروونییەوە دەردەدرێن لە جەستەی دایکەکەدا وادەکات منداڵەکە کەمتر بجووڵێت
  3. تەقینی پێشوەختەی پەردەی سەراو، تەقینی پەردەی سەراو کە پەردەیەکە شلەی سەراوی تێدایە و چواردەوری منداڵەکەی داوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی جووڵەی منداڵەکه، ئەم حاڵەتە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە
  4. لێبوونەوەی وێڵاش، وێڵاش فەرمانی خۆراکدانە بە منداڵ و کاتێک وێلاش لە دیواری منداڵدان جیادەبێتەوە دەکرێت حاڵەتێکی مەترسیدار بێت، چونکە لە ئەم حاڵەتەدا خوێن و ئۆکسجینی پێویست ناگات جەستەی منداڵەکە
  5. کەمیی ئۆکسجین لە شانەکانی جەستەی منداڵەکەدا، کاتێک کە ناوکەپەتک نەتوانێت بڕی پێویستی خوێن و ئۆکسجین بگەیەنێت بە منداڵەکە، منداڵەکە دووچاری حاڵەتێک دەبێتەوە پێی دەوترێت کەمیی ئۆکسجین لە شانەکانی جەستەدا، ئەم حاڵەتە بەگشتی کوشندەیە و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی منداڵەکە
سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا