لە پرسەوە بۆ دڵخۆشی؛ نامەیەکی ساختەی مەسنجەر هێزە ئەمنییەکان و چەندین خێزانی خستە ئامادەباشی

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەو نامەیە گوماناوییەی کە لە ئەپڵیکەیشنی ماسنجەر، شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێی لە سنووری قادرکەرەم و کفری دروست کرد
ئەو نامەیە گوماناوییەی کە لە ئەپڵیکەیشنی ماسنجەر، شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێی لە سنووری قادرکەرەم و کفری دروست کرد

نامەیەکی گوماناوی لە ئەپڵیکەیشنی ماسنجەر، شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێی لە سنووری قادرکەرەم و کفری دروست کرد و هێزە ئەمنییەکان و کەسوکاری چەند گەنجێکی خستە حاڵەتی ئامادەباشی و ترسەوە، پێش ئەوەی دەرکەوێت تەواوی هەواڵەکە ساختە بووە.

نامەیەک و دەستپێکردنی هەڵایەکە

شەوی ڕابردوو، ئەکاونتێکی نەناسراو کە تەنیا 2 کاتژمێر پێشتر دروستکرابوو، لە ڕێگەی ماسنجەرەوە نامەیەکی بۆ خاڵی گەنجێک نارد کە لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ گەشت چووبوونە ناوچەی خۆرنەوازان. لە نامەکەدا نووسرابوو "کوژراو و بریندارمان هەیە خێرا بەهانامانەوە وەرن" و ناوی چەند گەنجێکیش وەک کوژراو هێنرابوو. ئەم نامەیە بووە هۆی ئەوەی کەسوکاری گەنجەکان پۆلیس ئاگادار بکەنەوە و لە ماڵی ئەو کەسانەشی ناویان هێنرابوو، کۆبوونەوەی کەسوکار و پرسە دەستیپێکرد.

ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکان

دوای گەیشتنی هەواڵەکە، هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و کۆماندۆ خرانە حاڵەتی ئامادەباشی و دەستبەجێ ڕەوانەی ناوچەی خۆرنەوازان لە سنووری شارەدێی قادرکەرەم و نزیک زنانەی سەر بە کفری کران. سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە 10 گەنج بوون و 3ـیان کوژراون و ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە.

ئەو گەنجانەی لە خەودا بوون

پاش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی مەبەست، دەرکەوت هیچ ڕووداوێکی تەقەکردن و هێرشکردن ڕووی نەداوە. هێزە ئەمنییەکان گەنجەکانیان بە سەلامەتی دۆزییەوە لە کاتێکدا خەوتبوون و بێئاگا بوون لەو هەڵایەی لەسەر ناوی ئەوان دروستکراوە. دواتر پۆلیس سەرجەم گەنجەکانی ڕادەستی کەسوکاریان کردەوە.

لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی خاوەن ئەکاونتەکە

دەستبەجێ دوای ئاشکرابوونی ڕاستییەکان، ئەو ئەکاونتە ساختەیەی نامەکەی پێ نێردرابوو سڕایەوە. لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسەی کە ئەم ئەکاونتەی دروستکردووە و بووەتە هۆی تێکدانی باری دەروونیی هاوڵاتییان و خستنە گەڕی هێزە ئەمنییەکان بە هەواڵێکی ناڕاست.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا